رووداو دیجیتاڵ
بۆردوومان و تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیا بەردەوامە و بەهۆی ئەو بۆردوومانانەشەوە ئاگر لە دەوروبەری ژمارەیەک گوند و چیای مەتین کەوتووەتەوە، تاوەکو ئێستاش ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە.
ئەمڕۆ شەممە 14-08-2021 ناسر عەلی، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە دهۆک رایگەیاند، دوێنێ هەینی فڕۆکەکانی تورکیا بۆردوومانی دەوروبەری گوندی سکێری سەر بە قەزای ئامێدی و چیای مەتینیان کرد، بەو هۆیەوە ئاگر لە چۆڵەوانییەکانی ئەو گوندە و گوندی سەرگەلی و سگێر کەوتووەتەوە کە دەکەونە بناری چیای مەتین، تاوەکو ئێستاش ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە دانیشتوویەکی گوندی سەرگەلییەوە بۆ پەیامنێری رووداو نێردراوە، خەڵکی گوندەکە بۆ پاراستنی رەز و باخەکانیان هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دەدەن، بەڵام ئاگرەکە بەردەوامە و تاوەکو ئێستا دیار نییە چەند دۆنم زەویی ئەو ناوچەیە سووتاوە.
کۆنترۆڵنەکردنی ئاگرەکە بەشێکی پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئەو شوێنانەی ئاگریان لێکەوتووەتەوە، هەم تیمەکانی پۆلیسی بەرگری شارستانی و هەمیش خەڵکی گوندەکە، لە ترسی بۆردوومانی فڕۆکەکانی تورکیا و شەڕی نێوان هێزەکانی تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە ناوێرن نزیک ئەو ناوچانە ببنەوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەشی لە خەڵکی دەوروبەری گوندی هروورەوە دەست پەیامنێری رووداوە کەوتووە، درەنگانی شەوی رابردوو تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆش دەنگی فڕۆکە و بۆردوومان لە گوندەکانی هروور و دشێش بیستراوە، لە گەلی قوریش لە کاژێر 06:00 تاوەکو 07:30 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ نزیک گوندی هروور تۆپباران کراوە.