رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دوو تۆمەتباریان بە تۆمەتی ئەنجامدانی دوو تاوانی جیا لەنێو شاری هەولێر دەستگیرکرد. گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت، یەکێکیان لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە و بە بەکارهێنانی وێنەی گەنجێک و خۆناساندنی وەکو کارمەندی دەزگایەکی راگەیاندن، خەڵکی خەڵەتاندووە؛ ئەوی دیکەشیان لەنێو بازاڕ دزیی کردووە.
هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، ئەو کەسەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خەڵکی خەڵەتاندووە، وێنەی گەنجێکی بەکارهێناوە و پەیوەندیی لەگەڵ کچ و ژندا دروستکردووە و وێنە و ڤیدۆی تۆمارکردوون.
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو کەسە بەداخەوە تەمەنێکی گەورەی هەبوو، هەژمارێکی فەیسبووکی دانابوو بە وێنەی گەنجێک و خۆی وەکو ئەو گەنجە و کارمەندێکی دەزگای راگەیاندن ناساندبوو، پەیوەندیی لەگەڵ چەند کچێک بەستبوو. ئێمەش لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، دوای ئەوەی ئەو گەنجە داوای یاسایی تۆمارکرد کەوا هەژمارێک هەستاوە بە کردنی ئەو کارە."
سیداد لەشکری، پەیامنێری رووداو لەبارەی تەمەنی ئەو پیاوە لە گوتەبێژی پۆلیسی هەولێری پرسیوە: تەمەنی چەندە؟ ئەویش پێی راگەیاندووە، تەمەنی نزیکەی 60 ساڵە.
هۆگر عەزیز گوتیشی، بەدواداچوونیان کردووە و توانیویانە دوای دەستنیشانکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو کەسە، دەستگیری بکەن، دوای دەستگیرکردنیشی دانی بە تاوانەکەدا ناوە کەوا "هەستاوە بە بەکارهێنانی وێنەی ئەو گەنجە و لەگەڵ بەکارهێنانی وێنەکەش، پەیوەندیی خۆشەویستی و سۆزداریی لەگەڵ چەند کچێکی دیکە بەستووە، ئێمەش توانیمان دەستگیری بکەین و بەپێی ماددەی 2ی مۆبایل بەندە."
لەبارەی تاوانی دووەمیشەوە، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر باسی لەوە کرد، ئافرەتێکی دانیشتووی دەرەوەی شاری هەولێر هاتووەتە نێو شارەکە و لەنێو بازاڕەکانی شاری هەولێر دزیی کردووە، بەتایبەتی لەنێو بازاڕی لەنگە.
ئەو ئافرەتە تۆمەتبارە بە دزینی جانتای ئافرەتان، هۆگر عەزیز دەڵێت، "هەرچی پارە و مۆبایل و زێڕ بوو لەنێو جانتاکان دەریدەهێنا و دەیبرد،" تۆمەتبارەکەش دانی بە "دزینی" بڕێک پارە و حەوت مۆبایلدا ناوە، تاوەکو ئێستاش زیاتر لە حەوت کەس سکاڵایان لەسەر تۆمارکردووە.
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئەوەیشی خستەڕوو، ئێستاش ئەو ئافرەتە رێکاری یاسایی بەرامبەر گیراوەتەبەر و بەپێی ماددەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی بەندە.


