رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی محەممەد ئەربیلییەوە، پەیامێکی سەرەخۆشیی ئاراستەی بنەماڵەکەی کرد و هونەرمەندەکە بە "دەنگێکی رەسەن و داهێنەری هەولێر و کوردستان" ناودەبات.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بۆ کۆچی دوایی هونەرمەندی ناسراوی کوردستان، محەممەد ئەحمەد ئەربیلی، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکەی و هونەرمەندانی کوردستان دەکەم."
لە بەشێکی پەیامەکەیدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، "مامۆستا محەممەد ئەربیلی، هونەرمەندێکی دیار و دەنگێکی رەسەن و داهێنەری هەولێر و کوردستان بوو، خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییش بە هەموومان ببەخشێت."
هونەرمەند محەممەد ئەربیلی بەهۆی دەنگە خۆشەکەیەوە لە منداڵییەوە گۆرانیی دەگوت و خاوەنی چەندین گۆرانییە لەوانە، "ئەی دلێران، کچەی کافرۆش، یەڵڵا شۆفێر و هەولێر."
محەممەد ئەربیلی ساڵی 1959 لە رادیۆی بەغدا گۆرانیی تۆمار کردووە، بەڵام پێشتریش گۆرانیی دیکەی هەبووە. بە گوتەی نامیق هەورامی، گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری، محەممەد ئەربیلی بەهۆی گوتنی سروودی "ئەی دلێران" و "لاوانی کورد" لەلایەن حکومەتی ئەو کاتی عێراقەوە دەستگیر کراوە.



