رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە گەنجێک لە کەمپی گەویلان لە سنووری بەردەڕەش بە چەقۆ بریندار کرا، بەڕێوەبەری پۆلیسی بەردەڕەش دەڵێت، لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووە و بریندارەکە تەندروستیی جێگیرە.
عەمید سەعدی ئەحمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی بەردەڕەش لەبارەی رووداوەکە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 31-08-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، گەنجێک بە ناوی عەلی هاروون عومەر لە کەمپی گەویلان بە چەقۆ لە لایەن کەسێکی دیکەوە بە ناوی ئەنەس سەلاح بریندارکرا. دەشڵێت، رووداوەکە کاژێر 10:30 بووە و لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی بەردەڕەش، ئەنەس سەلاح (ئەو کەسەی کە چەقۆی وەشاندووە) چووەتە ژێر خێوەتێک، برای ئەو ژنەی کە ئەنەس چووەتە ماڵیان دەڵێت: بینیویەتی کە لەوێ هاتووەتە دەرەوە. بەوهۆیەوە دەبێتە دەمەقاڵێیان و برای کچەکە بە چەقۆ بریندار دەکرێت.
عەمید سەعدی ئەحمەد دەشڵێت، چەقۆوەشێنەکە دەستگیرکراوە و لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، باس لەوەش دەکات کە ئەو کەسەی هێرشی کراوەتەسەر، چەقۆ بەر دەستی راستی کەوتووە، بەوهۆیەوە دەمارێکی بڕاوە، بەڵام لە نەخۆشخانەیە و تەندروستیی جێگیرە.
پۆلیسی بەردەڕەش باس لەوە دەکات کە ئەو کەسەی هێرشەکەی کردووە، خەڵکی پارێزگای حەسەکەیە لە رۆژئاوای کوردستان و چەند ساڵێكە لە کەمپی بەردەڕەش نیشتەجێیە. دەشڵێت، ئەوە یەکەمجاری نییە و پێشینەی تاوانی هەیە.
