رووداو دیجیتاڵ
بەپێی لێكدانەوە فەلەكییەكان، رۆژی پێنجشەممە، 2022.12.22 كاژێر 12:48ی بەیانی (بە كاتی هەولێر)، دیاردەی وەرگەڕانی زستانە Winter Solstice روودەدات، واتە یەكەم رۆژی وەرزی زستان لە نیوەگۆی باكووری زەوی دەستپێدەكات، ئەوەش درێژترین شەوی ساڵ دەبێت كە ماوەكەی دەگاتە 13 كاژێر و 44 خولەك و یەک چركە و ماوەی رۆژیش كورتترین دەبێت کە دەكاتە 10 كاژێر و 15 خولەك و 59 چركە.
هەر لەو رۆژەدا، بەپێی لاریی گۆشەیی خولانەوەی تەوەری زەوی لەسەر خولگەكەیدا، تیشكی خۆر ستوونی دەبێت لەسەر (خولگەی گیسک) لە نیوەگۆی باشووری زەوی، بۆیە تیشكی خۆر زیاتر بەرەو نیوەگۆی باشووری زەوی دەكشێ تاوەکو دەگاتە ئاستی 23 پلە و 26 خولەك بەرەو باشوور كە ئەمەش واتای كشانێكی زۆر دەنوێنێ لە تیشكی خۆر لە نیوەگۆی باكوور بەرەو باشوور، ئەو كاتە بۆ دانیشتووانی نیوەگۆی باشووری زەوی، دەستپێكی وەرزی هاوینە، واتە (وەرگەڕانی هاوینە Summer Solstice ) دەبێت.
هۆكاری درێژبوونەوەی ماوەی شەو و رۆژ و دابەزینی پلەكانی گەرما لە نیوەگۆی باكووری زەوی، هۆكارەكەی بۆ لاربوونەوەی تیشكی خۆر دەگەڕێتەوە نەك دووركەوتنەوە و نزیكبوونەوەی زەوی لە خۆر، چونكە لە راستیدا وەرگەڕانی زستانە لە نیوگۆی باكووری زەوی كاتێك روودەدات كە هەسارەكەمان لە نزیكترین خاڵدایە لە خۆر!
لە هەمان كاتدا، بەو پێیەی ئەو ناوچانەی دەكەونە نێو بازنەی جەمسەریی باكوور لە هێڵە پانییە بەرزەكان، خۆر زۆر زیاتر لە ئاسمانییان دوور دەكەوێتەوە تاوەکو وای لێدێت بۆ ماوەی شەش مانگ لەو ناوچانەدا نابینرێت، بەڵام بە پێچەوانەوە لە ناوچەكانی نێو بازنەی جەمسەری باشووردا خۆر بۆ ماوەی شەش مانگ هەڵدێت و لە كاتی ئاوابوونیدا لەسەر ئاسۆی رۆژئاوا دەبێ و پاشان بۆ باكووری رۆژئاوا و ئینجا باكوور و پاشان بۆ باكووری رۆژهەڵات و ئینجا دووبارە لە رۆژهەڵاتدا بەرزدەبێتەوە بۆ ناوەڕاستی ئاسمان.
تەواوی دیاردەكانی هەڵگەڕانەوەی زستانە لە نیوەگۆی باكوور لە 20 – 21 – یان 22ـی كانوونی یەكەمی هەموو ساڵێكدا روودەدات، بەڵام زۆر بە دەگمەن لە 23ـی كانوونی یەكەمدا روودەدات، بۆیە دوایین هەڵگەرانەوەی زستانە لە 23ـی كانوونی یەكەمی 1903 روویداو لە 23ـی كانوونی یەكەمی 2303 دا دووبارە دەبێتەوە، واتە دوای 281ساڵی دیكە.


