رووداو دیجیتاڵ
دوای رێکارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ جێگیرکردنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار و راگرتنی حەواڵە، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەهۆی راگرتنی حەواڵەوە بازرگانی سست بووە، بەڵام "ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەردەوامە و رانەگیراوە."
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی ناجێگیریی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار و رێکارەکانەوە، ئاستەنگ بۆ بازرگانان دروستبووە و دوای کڕینی کاڵاکانیان ناتوانن وەکو پێویست پارە حەواڵە بکەن."
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان پێیوایە، "راگرتنی حەواڵە کاری ئاڵوگۆڕی بازرگانیی سست کردووە." دەشڵێت، "سەرەڕای ئاستەنگ و سستبوونەکە، بەڵام ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەردەوامە و رانەگیراوە."
لەبارەی ئەو بڕە پارەی رێگەیان پێدەدرێت حەواڵەی بکەن، مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان دەڵێت، "ئێستا لە بەغدا ئاسانکاری بۆ بازرگانان دەکرێت و چەندیان پێویست بێت بۆیان حەواڵە دەکەن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان پرۆسەکە لە سەرەتادایە و خەریکە دەستپێدەکات."
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان دڵنیایی بە هاونیشتمانییان دەدات و دەڵێت، "کۆگاکانمان پڕن لە کاڵا و پێداویستییەکان و بەهۆیەوە کاریگەریی سستبوونی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەرناکەوێت و ئەگەر ئەو سستبوونە بەردەوام بێت، رەنگە لە داهاتوودا کاریگەرییەکەی دەربکەوێت."
ماوەیەکە بانکی ناوەندیی عێراق و حکومەتی عێراق چەندین رێکاریان گرتووەتەبەر بۆ رێگری لە بردنە دەرەوەی دۆلار.



