رووداو دیجیتاڵ
کرێکارانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی بێکاری و سەختیی ژیانەوە، روویان لە کێڵگە کشتوکاڵییەکانی باشووری کوردستان کردووە و لە دەشتی پێنجوێن سەرقاڵی کارکردنن.
ئێستا وەرزی چاندنە و دەشتی پێنجوێن بووەتە شوێنکی گرنگی رەخساندنی هەلی کار. ساڵانە لەم وەرزەدا، سەدان کرێکار روو لەو ناوچەیە دەکەن، کە بەشێکی بەرچاویان هاونیشتمانیانی رۆژهەڵاتی کوردستانن و شارەزایی و هێزی بازوویان بۆ ئاوەدانکردنەوەی زەوییەکان بەکاردەهێنن.
سارا خەلیل، یەکێکە لەو کرێکارانەی چوار ساڵە بۆ کارکردن دێتە سنووری پێنجوێن، ئەو دەڵێت: هەمیشە بەهاران و هاوینان بۆ ماوەی پێنج تاوەکو شەش مانگ دێینە ئێرە. هەر کارێک هەبێت دەیکەین، وەک چنین، شەتڵ لێدان و ناوک دانان.
سارا ئاماژە بەوەش دەکات لەو ماوەیەی لێرەن هەست بە غەریبی ناکەن و خەڵکی ئێرە زۆر باشن و مرۆڤی زۆر چاکن، قەت هەستی غەریبی ناکەین.
فاتیح ساڵح، کرێکارێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستانە، پێشتر کاری بۆیاخکاری بووە، بەڵام وەکو خۆی دەڵێت، داهاتەکەی وەکو پێویست نەبووە، ئێستا رووی لە دەشتی پێنجوێن کردووە. فاتیح دەڵێت:پێکەوە پلانمان داناوە چوار، پێنج ساڵ لێرە کار بکەین تاوەکو ژیانمان باشتر بێت.
خاوەنکارەکانی ناوچەکەش لە کارکردنی کرێکارانی رۆژهەڵاتی کوردستان رازین و بە هاوکارێکی باشی خۆیانیان دەزانن. کارزان مەجید، خاوەنکارێکە لە دەشتی پێنجوێن بە رووداوی گوت: ئەمساڵ زیاتر لە جاران کرێکاری رۆژهەڵاتی هاتوونەتە پێنجوێن، کاروبارەکانی ئێمەیان زۆر ئاسان کردووە.
ئەو خاوەنکارە ئاماژە بەوەش دەکات کە تەنیا لای ئەو 70 بۆ 80 کرێکاری رۆژهەڵاتی و پێنجوێنی کار دەکەن.
ئەگەر هاوکاریی خاوەنکارەکان لە دابینکردنی شوێنی مانەوە و گواستنەوەدا نەبێت، دەبێت کرێکاران بەشێکی زۆری دەستکەوتەکەیان هەر لە خەرجییەکانی هاتووچۆ و مانەوەدا خەرج بکەنەوە.