رووداو دیجیتاڵ پارێزگاری سلێمانی وێنەیەکی لەسەر گۆڕی باپیری بڵاوکردەوە کە ساڵی 1962 لە تۆپبارانی رژێمی ئەو کاتی عێراق شەهید بووە. د. هەڤاڵ ئەبوبەکر لەبارەی شەهیدبوونی باپیرییەوە بە رووداوی راگەیاند: سەید عەبدوڵلاشیخ عەبدولقادر شیخ عەبدولڕەحمان، باوکی دایکمە و لە ساڵی 1928 لە عەبابەیلێ لەدایک بووە. لەو سەردەمەدا بارەگای هێزی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول لە عەبابەیلێ بوو، لیواکەی هەڵەبجە لە 28/11/1962 تۆپبارانێکی چڕی عەبابەیلێی کرد، باپیرەم و چوار کەسی دیکە شەهید بوون. گوتیشی، هەرچەند باپیرەم هاووڵاتییەکی سڤیل بوو، بەڵام لەو سەردەمەدا پێشمەرگە و سڤیل جیاوازییان نەبوو. لەدوای سەرکەوتنی کودەتای عەبدولکەریم قاسم و هاوکارەکانی لە 14تەممووزی 1958، بەهۆی جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانی کورد شۆڕشی ئەیلوول بە سەرۆکایەتیی مەلا مستەفا بارزانی سەریهەڵدا. زەعیم سدیق یەکێک بوو لە ئەفسەرە دڕندەکانی سوپای عێراق، فەرماندەی لیوای پێنج و دواتریش لیوای 20 بووە، هەتاوەکو کودەتاکەی 8ی شوباتی 1963. زەعیم سدیق تاوانبارە بە کوشت و بڕی هاونیشتمانییانی سڤیل لە سلێمانی و دەوروبەری. بە گوتەی د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، تۆپبارانی عەبابەیلێ لە لایەن لیوای هەڵەبجەوە بە بڕیاری زەعیم سدیق بووە.