رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە هەولێر راگەیاند، کەمێک پێش ئێستا، بە دوو مووشەک هێرش کرایە سەر بارەگاکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە دۆڵی ئالانەی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر.
رۆژی یەکشەممە، 31ـی ئایاری 2026، ئەمجەد حوسێن پەناهی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمشەو کاژێر 22:40 بە دوو مووشەک هێرش کرایە سەر بارەگاکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە دۆڵی ئالانە."
ئەمجەد حوسێن پەناهی دەڵێت: "ئەم هێرشە لە چوارچێوەی بەردەوامیی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە بۆ سەر بنکە و بارەگاکانمان".
بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵە بۆ رووداو، لە سەرەتای دەستپێکی گرژی و شەڕەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، تاوەکو ئێستا بە زیاتر لە 81 مووشەک و درۆن، بنکە و بارەگاکانی کۆمەڵە کراونەتە ئامانج.
