رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێ، زۆربەی بەنداوەکان سەررێژ بوون و بەنداوی دووکانیش تەنیا نیو مەتری ماوە بۆ ئەوەی بگاتە ئاستی سەررێژبوون و گۆمەسپانیش ئەم ساڵ سەرڕێژ نابێت.
رۆژی دووشەممە، 1ـی حوزیرانی 2026، رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە هەرێمی کوردستان 25 بەنداومان هەیە کە ئاویان تێدا کۆگادەکەین. هەموویان سەرڕێژ بوون جگە لە بەنداوەکانی دووکان و گۆمەسپان."
لەبارەی ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان، رەحمان خانی ئاماژەی بەوە کرد کە تەنیا نیو مەتری ماوە سەرڕێژ بێت و رۆژانە ئاستی ئاوەکەی زیاد دەکات.
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان باسی ئەو بەنداوانەی کرد کە لە قۆناخی تەواوبووندان و گوتی: "چەندین بەنداوی دیکە هەن کاریان تێدا دەکرێ، بەڵام بەنداوی بانووی تاڵەبان و بەنداوی خۆرنەوەزان زیاتر لە 95%ی کارەکانیان تەواو بووە، تەنیا بەهۆی نەبوونی بودجەوە تەواو نەکراون. ئەگەر ساڵی داهاتوو کێشەی پارەیان بۆ دروست نەبێت، هەردووکیان تەواو دەبن."
توانای کۆگاکردنی ئاو لە بەنداوە گەورەکان:
بەنداوی دووکان: توانای 7 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە.
بەنداوی دەربەندیخان: توانای 3 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە.
بەنداوی گۆمەسپان: توانای 88 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.
بەنداوی دهۆک: توانای 52 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکومەت، لە هەرێمی کوردستان 25 بەنداو و 178 گۆمی دەستکرد هەن کە ساڵانە بڕێکی زۆر ئاویان تێدا گلدەدرێتەوە و بۆ مەبەستی جیاواز سوودیان لێ وەردەگیرێ.
بەگوێرەی ئاماری حکومەتی هەرێمی کوردستان، 11 بەنداو و 58 گۆمی دەستکردی دیکە لە قۆناخی جێبەجێکردندان.

