رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە راگەیاند، رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو دەست دەکرێت بە دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو کەسانەدا دابەش دەکرێت کە 20 ساڵ لەمەوبەر فەرمانی پێدانی زەوییان هەبووە و تاوەکو ئێستا سوودمەند نەبوون.
رۆژی پێنجشەممە، 4ـی حوزیرانی 2026، سەلام بیلال، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دووشەممەی هەفتەی داهاتوو زەوی بەسەر ئەو کەسانەدا دابەش دەکرێت، کە لە ساڵی 2005 فەرمانیان هەبوو و ژمارەیان نزیکەی 500 کەسە."
لەبارەی رێکارەکانی وردبینی، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە گوتی: "تاوەکو ئێستا وردبینیی 191 کەس تەواو بووە کە فەرمانبەر و خانەنشینن، وردبینی لەوانەی دیکەش بەردەوامە."
سەلام بیلال باسی لەوەش کرد، کە ئەمە یەکەم وەجبەی دابەشکردنی زەوییە لەم ساڵدا و گوتی: "پار 465 پارچە زەوی بەسەر خێزانی شەهیداندا دابەشکرا."
سەبارەت بە دابەشکردنی زەویی بەسەر فەرمانبەرانی دیکەدا، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە دەڵێت: "لە ساڵی 2025دا فەرمانی 8 هەزار و 118 کەس دەرچووە، ئێستا ئەو ناوانە لە قۆناخی ئامادەکاری و وردبینیدان بۆ ئەوەی لە داهاتوودا زەوییان بەسەردا دابەش بکرێت."
پێدانی زەوی بە فەرمانبەران پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانە کە لە 27-03-2024 دەرچووە.
زانیاری لەبارەی زەوییەکان
- رووبەری زەوی: 200 مەتر دووجا.
- شێوازی دابەشکردن: تیروپشک.
- پێوەر: سیستمی خاڵبەندی.
- مەرجی سەرەکی: هەبوونی لانیکەم 8 ساڵ خزمەت و سوودمەند نەبوون لە پێشووتردا.




