رووداو دیجیتاڵ
مامۆستایەک لە شاری رانیەی پارێزگای سلێمانی ئامادەیی خۆی دەبڕی بۆ ئەوەی کچەکەی لاناز، کچی کوردۆی شاعیر، وەک کچی خۆی بەخێو و پەروەردە بکات. وەزارەتی کاریش دەڵێت، لەم جۆرە دۆخانەدا "باوک لە هەموو کەسێک لەپێشترە."
رۆژی چوارشەممە، 10ـی حوزیرانی 2026، نیگار محەممەد عەلی، مامۆستای زمانی ئینگلیزی و راهێنەری نێودەوڵەتیی گەشەپێدانی مرۆیی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دانیشتووی رانیەم، 26 ساڵە ژیانی هاوژینیم پێکهێناوە و خودا منداڵی پێ نەبەخشیوین. داوا دەکەم کچەکەی لاناز خانی رەحمەتی بدەنە من، بەڵێن بێت وەک چاوی خۆم ئاگام لێی بێت و دایکایەتی بۆ بکەم."
ئەو مامۆستایە گوتی: "دۆخی داراییم باشە و ئامادەم خانوو و موڵکیشمی لەسەر تاپۆ بکەم بۆ ئەوەی ژیانێکی باشی بۆ دابین بکەم و بێناز گەورە نەبێت".
نیگار محەممەد باسی لەوەکرد، پێشتر چەندین جار هەوڵی داوە لە خانەی بێسەرپەرشتان منداڵ وەربگرێ و بەخێوبکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی رێکارەکان بە نۆرەن، تاوەکو ئێستا سەرکەوتوو نەبووە.
لەو بارەیەوە ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە رووداوی گوت: "دەبێت چاوەڕێ بکەین بزانین چارەنووسی ئەو منداڵە چی بەسەر دەبێت. ئەگەر باوکی بیباتە لای خۆی، ئەوا کەس ناتوانێت وەری بگرێ، چونکە باوک لە هەموو کەسێک لەپێشتر و نزیکترە لە منداڵەکەوە."
گوتەبێژی وەزارەتی کار دەڵێ، ئەگەر منداڵەکە رادەستی خانەی بێسەرپەرشتان بکرێ، ئەوکات دوای تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکانەوە، بەپێی نۆرە دەدرێتە ئەو خێزانەی داواکاری پێشکێش کردووە.
بەرەبەیانی دوێنێ، لاناز کچی کوردۆی شاعیر کە تەمەنی 22 ساڵ بوو، لە ژێر پردی نزیک لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە گیانی لەدەستدا و منداڵێکی 4 ساڵانی لەدوای خۆی بەجێهێشت. لاناز لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە.




