رووداو دیجیتاڵ
سەرکۆنسووڵی ئێران لە هەولێر بۆ کۆچی دوایی هەڵکەوت عەزیز، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا پرسەنامەیەکی ئاراستەی رووداو کرد و رایگەیاند، ''رووداوێکی دڵتەزێنە و هاوخەمیی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری بەڕێزی و بەشە جیاوازەکانی رووداو دەکەین.''
رۆژی چوارشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2026، فەرامەرز ئەسەدی، سەرکۆنسووڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر، پەیامێکی هاوخەمیی بۆ کۆچی دوایی هەڵکەوت عەزیز، ئاراستەی ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو کرد.
لە پەیامەکەی فەرامەرز ئەسەدیدا هاتووە، ''بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی رۆژنامەڤانی بەڕێز و چالاکتان، خوالێخۆشبوو (هەڵکەوت عەزیز)ـم لە بەغدا پێگەیشت.''
سەرکۆنسووڵی ئێران لە هەولێر هاوخەمیی خۆی بۆ ''ئەم رووداوە دڵتەزێنە'' ئاراستەی کەسوکاری هەڵکەوت، هاوکارانی و بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات و دەڵێت: ''لە دەرگای خودا داواکارین رەحمەت و لێخۆشبوونی خۆی بەسەر ئەو کۆچکردووە خۆشەویستەدا ببارێنێت و، ئارامی و پاداشتی گەورەش بە کەسوکاری، بەڕێزتان و خۆشەویستانی دیکەی تۆڕی میدیایی رووداو ببەخشێت.''
دوای ئەوەی لە رێگەی بەغدا-بەسرە تووشی رووداوی هاتووچۆ بوو، دوا نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، 8-6-2026 هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێر و بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە بەغدا بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا. رۆژی دواتر تەرمەکەی بە ئامادەبوونی خەڵکێکی زۆر لە گۆڕستانی رەحیماوا لە شاری کەرکووک بە خاکسپێردرا.

