رووداو دیجیتاڵ
دەرچووانی بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە باکووری کوردستان و تورکیا، لەبەردەم قەیرانێکی قووڵی بێکاری دان. ئەوانەی لە کەرتی گشتی دانەمەزراون و روویان لە وانەگوتنەوەی ئۆنلاین کردووە، رووبەڕووی کەمیی خواست و هەرزانیی نرخی وانەکانیان دەبنەوە بەراورد بە وانە زانستییەکانی دیکە.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی (رووداو)، نرخی یەک کاژێر وانەی تایبەتی زمانی کوردی لە نێوان 750 بۆ 1200 لیرەدایە، لە کاتێکدا وانەیەکی وەک بیرکاری کە تاقیکردنەوەی نیشتمانیی لەسەرە، نرخەکەی دەگاتە 3 هەزار لیرە. مامۆستایانی ئەم بوارە دەڵێن، جگە لە کەمیی نرخەکە، تەنانەت هاووڵاتییان کاتێک دەزانن وانەکە کوردییە، چاوەڕوان دەکەن بە خۆڕایی یان بە نرخێکی زۆر کەم بێت.
لە ساڵی 2012وە لە زانکۆکانی (دیجلە، ئارتووکڵو، ئەلپارسلان، چەولیک و وان) بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردی کراونەتەوە. ساڵانە زیاتر لە 100 دەرچوویان هەیە، بەڵام دەرگای دامەزراندن لە وەزارەتی پەروەردەی تورکیا بە روویاندا داخراوە.
شێرکۆ جانزێم، مامۆستایەکی زمانی کوردییە و ماوەی 6 ساڵە بە ئۆنلاین وانە دەڵێتەوە، ئاماژە بەوە دەکات زۆربەی قوتابییەکانی ئەو کوردانەن کە لە ئەورووپا و ئەمریکا دەژین و تەمەنیان لە نێوان 25 بۆ 40 ساڵدایە، نەک قوتابییانی ناوخۆ.
فاتمە شاهین، مامۆستایەکی دیکەی زمانی کوردییە و باس لەوە دەکات، تەنیا 20٪ی کۆمەڵگەی کوردی هۆشیاریی فێربوونی زمانی دایکیان هەیە. دەڵێت: "زۆرینە دەپرسن ئەگەر کوردی فێر ببم چی لە ژیانمدا دەگۆڕێت؟ چونکە ژیانی رۆژانە و کارکردن هەمووی بە تورکییە." بەڵام شاهین گەشبینە بەوەی میدیای دیجیتاڵ و سۆشیاڵ میدیا، زمانی کوردییان لە زمانێکی ناوماڵەوە بەرەو زمانێکی ئەدەبی و جیهانی بردووە.
پرسی پشتگوێخستنی مامۆستایانی کوردی گەیشتە پەرلەمانی تورکیا. پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (دەم پارتی) ڕایگەیاند، تەنیا لە شاری ئامەد پێویستی بە 600 مامۆستای کوردی هەیە، بەڵام لە 14 ساڵی رابردوودا تەنیا 42 مامۆستا بۆ ئەو شارە دامەزراون.
ئامارە گشتییەکان نیشانی دەدەن لە کۆی نزیکەی 2 هەزار دەرچووی بەشەکانی کوردی لە ماوەی 14 ساڵ دا، تەنیا 210 مامۆستا لەسەرانسەری تورکیا دامەزراون. ئەوەی زیاتر نیگەرانیی لای دەرچووان دروست کردووە، پلانی وەزارەتی پەروەردەیە بۆ ساڵی 2026؛ کە بڕیارە 15 هەزار مامۆستا دابمەزرێنێت، بەڵام لەو ژمارە گەورەیە تەنیا "6" کورسی بۆ زمانی کوردی تەرخانکراوە.
ئەم دۆخە وایکردووە زمانی کوردی لە باکووری کوردستان، سەرەڕای هەوڵە ئەکادیمییەکان، لە کەرتی پەروەردەدا وەک زمانێکی لاوەکی بمێنێتەوە و مامۆستاکانیشی ناچار ببن لە بازاڕە ئۆنلاینەکاندا بە دوای بژێوییان دا بگەڕێن.
.jpg&w=3840&q=75)


