رووداو دیجیتاڵ
پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات؛ بەرپرسانی سایلۆکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک رایدەگەیێنن کە ئەم ساڵ نۆرەی کاتی رادەستکردنی گەنم بە سیستەمی نۆرەی ئەلیکترۆنی دەبێت و رۆژی دەستپێکردنی پرۆسەکەش لە پارێزگاکان دیاریکرا.
رۆژی پێنجشەممە، 11ـی حوزەیران 2026 میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سبەی سایلۆی هەولێر دەرگا بەڕووی جووتیاراندا دەکاتەوە. گوتیشی: "ئەم ساڵ بە بڕیاری بەغدا گۆڕانکاری لە میکانیزمی وەرگرتنی گەنمدا کراوە؛ جووتیاران دوای وەرگرتنی پشتگیریی کشتوکاڵ، لە رێگەی ئەو لینکەی بڵاومانکردووەتەوە لە ماڵەوە نۆرەی ئەلیکترۆنی دەگرن و پاشان گەنمەکانیان دەهێنن."
لە سلێمانی، رۆژی شەممە پرۆسەکە دەستپێدەکات. نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی بە رووداوی گوت: "رۆژی شەممە، 13ی مانگ، دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەکەین. پێویستە جووتیاران لە رێگەی لینکەکانەوە نۆرە بگرن."
لەبارەی پارێزگای دهۆک، نازم محەممەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی دهۆک بە رووداوی راگەیاند: "بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ وەزیری کشتوکاڵی عێراق سەردانی دهۆک بکات و دەرگای سایلۆکان بکاتەوە. جووتیاران دەتوانن لە ئەمڕۆوە ناویان بۆ نۆرەگرتن تۆمار بکەن و سبەی گەنمەکانیان بهێنن."
هاوکات، لیژنەی باڵای بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لە هەولێر بە سەرپەرشتیی هێمن قادر، جێگری پارێزگار کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە خێراکردنی پرۆسەکە و چارەسەرکردنی کێشەکان کرایەوە. لیژنەکە داوا لە جووتیاران دەکات بۆ وەرگرتنی رەسید و رێنماییە نوێیەکان، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی و هۆبە کشتوکاڵییەکان بکەن.
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاری داوە 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەربگرێ، کە 292 هەزار تۆنی بە گەنمی نێو پلانی چاندن دادەنرێت و تۆنی بە 700 هەزار دینارە، زیاتر لە 108 هەزار تۆنیش بە دەرەوەی پلان دادەنێت و تۆنی بە 500 هەزار دینار وەرگرێت.
پار حکومەتی عێراق 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، هەر یەک تۆن بە 800 هەزار دینار.


.jpg&w=3840&q=75)

