رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی بردنی بەنزین بە دەبە لە لایەن ئەو شۆفێرانەی لە نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دەچنە پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان قەدەخە دەکات.
موقەدەم بەهمەن عەبدوڵڵا، گوتەبێژی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "لە رێگەی هێزەکانمان و بازگاکانمانەوە تێبینیمان کردووە کە بەشێک لەو شۆفێر و خێزانانەی لە شارەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە بۆ گەشت دێنە هەرێمی کوردستان، بەنزین بە دەبە لەگەڵ خۆیان دەهێنن و لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیاندا دایدەنێن بۆ ئەوەی لێرە بەنزین نەکڕن و پاش تەواوبوونی تانکی ئۆتۆمبێلەکانیان، بەکاری بهێننەوە."
گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی گوتی: "ئەم کارە زۆر مەترسیدارە و هەڕەشە لە ژیانی شۆفێران، گەشتیاران و هاووڵاتییان دەکات. لە ئەگەری روودانی هەر رووداوێکی هاتووچۆ یان کێشانی جگەرە لەنێو ئۆتۆمبێلەکە، بوونی ئەو بەنزینە قەبارەی رووداوەکە هێندەی دیکە گەورەتر دەکات و کارەساتی نەخوازراوی لێدەکەوێتەوە."
سەبارەت بە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو شۆفێرانەی سەرپێچی دەکەن، بەهمەن عەبدوڵڵا گوتی: "هیچ سزایەکی دارایی (پێبژاردن) بۆ شۆفێرەکان نییە، بەڵکو تەنیا رێگرییان لێدەکرێ بەو سووتەمەنییەوە بچنە نێو شارەکان. ئۆتۆمبێلەکە رادەگیرێ و سووتەمەنییەکەی لە نزیکترین وێستگەی سووتەمەنیی بازگەکە لێوەردەگیرێ، پاشان پسووڵەیەکی فەرمی پێدەدرێ و لە کاتی گەڕانەوەی بۆ شارەکەی خۆی، دەتوانێ بەنزینەکەی وەربگرێتەوە."



.jpg&w=3840&q=75)