رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا، شوێنەوارناسان لە دەوروبەری شاری هەولێر کۆمەڵەیەکی گەورەیان لە تابلۆی نووسراوی بزماری و بەڵگەی وێرانکارییەکی سەخت دۆزییەوە، کە دەریدەخات نزیکەی 4000 ساڵ لەمەوبەر ئەو ناوچەیە رووبەڕووی شەڕ و گەمارۆدانێکی گەورە بووەتەوە.
کەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ناوی ئەو شارە لە کۆندا "شاری کوردا" بووە، کە ئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوە شوێنەوارناسییە دەری دەخات، لەلایەن پاشایەکی ئاشووری و هاوپەیمانێکییەوە هێرشی کراوەتە سەر و داگیر و وێران کراوە. شوێنەکە دەکەوێتە دەشتی هەولێر و ئێستا ناوی (کورد قەبرستان)ـە.
کێ لێکۆڵینەوەکەی کردووە؟
ئەم کارە لەلایەن تیمێکی شوێنەوارناسانی زانکۆی ناوەندیی فلۆریدا، زانکۆی جۆن هۆپکینز، زانکۆی یەیڵ و زانکۆی ویلایەتی مشیگن کراوەو لەلایەن دەزگای نیشتمانیی زانستیی ئەمریکا پاڵپشتی دەکرێت، ئەوەش بە هاوئاهەنگی و هاوکاریی راستەوخۆی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپوور لە هەرێمی کوردستان.
تیمەکە لە هەردوو وەرزی هاوینی ساڵانی 2024 و 2025 کاری کنە و پشکنینیان لەو ناوچەیەدا کردووەو تازە ئەنجامی لێکۆڵینەوە زانستییەکانی لەسەر شوێنەوارەکان بڵاوکردووتەوە.
چی دۆزراوەتەوە و لە کوێ؟
لە ناوچەیەکی شوێنەواری بە ناوی (کورد قەبرستان) لە باشووری رۆژئاوای هەولێر، شوێنەوارناسان چەندین بەڵگەی گرنگیان دۆزیوەتەوە، لەوانە:
- کۆمەڵەیەکی زۆر لە تابلۆی نووسراوی بزماری کە بۆ کاروباری کارگێڕی بەکارهاتوون.
- گۆڕی بەکۆمەڵ و لاشەی قوربانییانی جەنگ، کە بەخاک نەسپێردراون.
- باڵەخانەی سووتاو، ئەرشیفی جێهێڵدراو و پاشماوەی وێرانکارییەکی گەورە.
- شوورا و دیواری بەرگریی شارەکە کە تێکشکێندراون.
لە راپۆرتی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەدا کە لە ماڵپەڕی زانکۆی ناوەندیی فلۆریدا بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە شوێنەوارناسە ئەمریکییەکان پێیانوایە لە کۆندا ناوی شارەکە (قەبرا یان کابرا) بووە، بەڵام کەیفی مستەفا دەڵێت، شارە دێرینەکە ناوی (کوردا) بووە و پێشتر لە چەندین تابلۆ و نووسراوی بزماریدا بەم ناوە ئاماژە بە شارەکە کراوە.
بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار لە هەرێمی کوردستان هەروەها گوتی: "ئەم دۆزینەوەیە، زۆر گرنگە؛ چونکە پێشانی دەدات کە هاوکات یان تەنانەت پێش سۆمەریەکان و شارستانییە دێرینەکانی دیکە، شارستانی لە کوردستان و بناری زاگرۆسەوە شۆڕبووەتەوە بۆ باشووری عێراق و ناوچەکانی دیکەی میزۆپۆتامیا."
ئەم شەڕە کەی روویداوە؟
بەپێی توێژینەوەکان، ئەم رووداوە دەگەڕێتەوە بۆ چاخی بڕۆنزی نێوەڕاست، واتە نزیکەی 4000 ساڵ لەمەوبەر. شەڕەکە لە سەردەمی فەرمانڕەوایی پاشای ئاشوورییەکان، شەمشی ئەدەدی یەکەم بووە، کە لە نێوان ساڵانی 1809 بۆ 1776ـی پێش زایین دەسەڵاتدار بووەو توانیبووی سنووری دەسەڵاتی لە چیاکانی زاگرۆسەوە تاوەکو رووباری فوڕات فراوان بکات.
هاوپەیمانیی دووژمنان بۆ گرتنی شارەکە
مێژوونووسان دەڵێن، شارەکە لەلایەن هاوپەیمانییەکی دوو پاشای بەهێزەوە هێرشی کراوەتەسەر؛ یەکەمیان شەمشی ئەدەدی یەکەم، پاشای ئاشوورییەکان، لەگەڵ پاشایەکی دیکە بە ناوی دادوشا کە پاشای شانشنینی ئەشنوونا بووە (دیالەی ئێستا). ئەوان ماوەیەکی زۆر شارەکەیان گەمارۆ داوە تاوەکو لە کۆتاییدا توانیویانە دیوارەکانی ببڕن و وێرانی بکەن.
بەرگرییەکی بەهێز و خەندەقێکی زەبەلاح
لە رێگەی ئامێری پێشکەوتووی پشکنینی ژێر زەوییەوە (کە وەک تیشک وایە)، زانایان بۆیان دەرکەوتووە شارەکە هەروا بە ئاسانی خۆی بەدەستەوە نەداوە. دەوربەری شارەکە دیوارێکی زەبەلاح و شوورایەکی گەورەی بەرگریی هەبووە، لە دەرەوەی دیوارەکەش خەندەقێکی زۆر گەورە و قووڵ هەبووە بۆ ئەوەی رێگری لە پێشڕەویی سوپای دوژمن بکات لە کاتی گەمارۆدانەکەدا.
دوو قۆناخی وێرانکاری
شوێنەوارناسان دوو چین لە سووتان و وێرانکاری لەسەر یەکیان دۆزیوەتەوە. ئەمەش بەتەواوی لەگەڵ تۆمارە مێژووییەکاندا یەکدەگرێتەوە کە دەڵێن: سەرەتا شارەکە گەمارۆیەکی سەختی خراوەتەسەر و لە قۆناخی یەکەمدا زیانێکی زۆری پێگەیشتووە، دواتریش پاش ماوەیەک بەتەواوی گیراوە و خاپوور کراوە.
تراژیدیایەکی مرۆیی لەنێو کۆشکەکەدا
وردەکارییە هەرە دڵتەزێنەکە لەنێو پاشماوەی باڵەخانەیەک دۆزراوەتەوە، کە بە "کۆشکی رۆژهەڵاتی خوارووی شارەکە" ناودەبرێت. لەنێو پاشماوەی سووتاو و داڕماوی ئەم کۆشکەدا، ئێسک و پرووسکی 17 کەس دۆزراونەتەوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەم کەسانە بەخاک نەسپێردراون و هیچ رێوڕەسمێکی ناشتنیان بۆ نەکراوە، بەڵکو رێک لەو شوێنەدا ماونەتەوە، کە تێیدا کوژراون یان باڵەخانەکەیان بەسەردا رووخاوە. بۆ نموونە، لاشەی یەکێک لە قوربانییەکان بە دەمەوڕوویی لەسەر حەوزێکی بەردین کەوتووە و هەر لەوێدا گیانی لەدەستداوە. زانایان دەڵێن، پێدەچێت زۆربەی ئەمانە کرێکار و خزمەتکارانی کۆشکەکە بووبن و لە کاتی هێرشەکەدا دەرفەتی راکردنیان نەبووبێت.
ئاگر و نامە جێهێڵدراوەکان
تەواوی ناوچەکە پڕە لە شوێنەواری ئاگرێکی گەورە و گۆزە و قاپی شکاو. هەر لەنێو ئەم داروپەردووە سووتاوەشدا بوو، کە زانایان دەیان تابلۆی قوڕینی نووسراویان دۆزییەوە، کە مێژووی نووسینی هەندێکیان تەنیا بۆ چەند رۆژێک پێش کەوتنی شارەکە دەگەڕێتەوە، وەک ئەوەی فەرمانبەرەکان تا دوا ساتەکانی ژیانیان لەژێر گەمارۆکەشدا خەریکی تۆمارکردنی زانیارییەکان بووبن.
هەموو شتێک رێک وەک ساتی رووداوەکە لەژێر خۆڵەکەدا بە بەردبوویی ماوەتەوە، هەر بۆیە شوێنەوارناسان ئەم دۆزینەوەیە لە دەوروبەری هەولێر بە وێنەیەکی زیندووی جەنگەکانی جیهانی کۆن دادەنێن.
بۆچی ئەم دۆزینەوەیە گرنگە؟
بۆ چەندین دەیە، مێژوونووسان تەنیا پشتیان بە نووسراوەکانی سەر بەرد و پاشاکان دەبەست بۆ ئەوەی بزانن شەڕ و گەمارۆدان لە مێزۆپۆتامیا چۆن بووە، بەڵام ئەم دۆزینەوەیەی کورد قەبرستان لە هەولێر زۆر گرنگە، چونکە بۆ یەکەمین جار بەڵگەی بەرجەستە و بینراو وەک خانووی سووتاو و قوربانییەکان دەخاتە بەردەست و دەبێتە یەکێک لە وردترین و باشترین تۆمارە شوێنەوارییەکان لە جیهاندا بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتیی گەمارۆدانی شارەکان لە چاخی بڕۆنزیدا.



