رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا پێشوازی لە راگەیاندنی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکات .
نێچیرڤان بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامەکەی بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەڵێ: "پێشوازی لە راگەیاندنی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەم."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "هیوادارم هەموو لایەنەکان بە نیازپاکییەوە کار بکەن بەرەو جێبەجێکردنی تەواوەتیی رێککەوتنەکە، بەو ئامانجەی سەقامگیری، ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا بەهێز بکات."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها دەڵێت: "پڕبەدڵ پێزانینی خۆم ئاراستەی هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەکەم کە رۆڵیان لە ئاسانکاری و پشتگیریکردنی ئەم دەستکەوتەدا هەبووە."
ئەم پەیامە لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بە کاتی هەولێر، ئەمریکا، ئێران و وڵاتە نێوەندگیرەکان پشتڕاستییان کردەوە کە واشنتن و تاران گەیشتوونەتە رێککەوتن و دەقی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان لەلایەن هەردوو لاوە تەواوکراوە و رۆژی 19ی حوزەیران هەردوولا لە جنێڤ واژۆی دەکەن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رێککەوتنەکە تەواو بووە و گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لەسەر ئێران هەڵدەگیرێ. پاکستانیش کە نێوەندگیری سەرەکییە، پشتڕاستی کردەوە کە دەقی کۆتایی رێککەوتنەکە ئامادەیە.
جەنگ لە 28ی شوبات بە هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکرد.
ئەم رێککەوتنە دوای ئاگربەستێکی کاتی دووهەفتەیی لە مانگی نیسان هات کە لەلایەن پاکستانەوە نێوەندگیری بۆ کرا. لەو ماوەیەدا گفتوگۆکان، بەڵام هاوکات لەگەڵ هێرشی پچڕ پچڕ، بەردەوام بوون تا گەیشتنە ئەم قۆناخە.
راگەیاندنی رێککەوتنەکە کاریگەرییەکی خێرای لەسەر بازاڕی جیهانی نەوت هەبوو و نرخی نەوتی خاو بە زیاتر لە 4% دابەزی.


