رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "پەرلەمان موڵکی پارتی و یەکێتی نییە و کەس بۆی نییە رێگری لە کاراکردنەوەی بکات.. ئەگەر [یەکێتی] ئامادەیە، سەرەتا با بێن پەرلەمان کارا بکەنەوە".
ئەمڕۆ سێشەممە، مەسرور بارزانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "لەجێی خۆی نییە تائێستا پەرلەمان کارا نەکراوەتەوە.. پەرلەمان جێگەی بیروبۆچوونی جیاوازە و دەبێ لەوێ گفتوگۆ بکرێت".
مەسرور بارزانی لەبارەی هاتنی تۆم باراک، نێردەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هەولێر و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا، دەڵێت، بۆ بەرەوپێشبردنی هەماهەنگی و باری ئابووری و ئەمنی لەگەڵ عێراق و ئەمریکادا گفتوگۆ دەکەن.
لەسەر کردنەوەی پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی بۆ یەکێتی نارد و ئاماژەی بەوە کرد، "سەرەتا وەرن پەرلەمان کارا بکەنەوە، لەوێوە هەنگاوی یەکەمی پێکهێنانی حکومەت دەستپێدەکات".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر رێککەوتنی ئێران و ئەمریکا باسی لەوە کرد، "ئێمە هەمیشە لەگەڵ ئاشتی بووین، هەر رێککەوتنێک ناوچەکە بەرەو ئاشتی و سەقامگیری ببات، ئێمە پێشوازی لێدەکەین".


