رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا کرد. لە دیدارەکەدا پرسی سەقامگیریی ناوچەکە، پشتیوانیی حکومەتی نوێی عێراق و پرسی داماڵینی چەکی گرووپە چەکدارەکان تاوتوێ کران.
پێشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، 16-06-2026، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە باڵیۆز تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا کرد.
"کوردستان نموونەیەکی سەرکەوتووە"
بە گوێرەی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، تۆم باراک سڵاوی تایبەتی "سەرۆک ترەمپ"ـی گەیاندووەتە سەرۆک بارزانی و رایگەیاندووە: "عێراق و ناوچەکە پێویستیان بە سەقامگیرییە و هەرێمی کوردستان لەمەدا رۆڵێکی گرنگ و جێی بایەخی هەیە."
نێردەی سەرۆکی ئەمریکا سەرسامیی خۆی بە گەشە و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و بە "نموونەیی" وەسفی کردووە، هاوکات پێزانینی هەبووە بۆ پێگەی سەرۆک بارزانی لە پاراستنی هاوسەنگی و ئارامیی ناوچەکەدا.
سەرۆک بارزانی: هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری سەقامگیری بووە
سەرۆک بارزانی رایگەیاندووە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە لەگەڵ دیالۆگ و چارەسەری دیپلۆماسی بووە بۆ کێشەکان. گوتوویەتی: "هەرێمی کوردستان هیچ کاتێک بەشێک نەبووە لە کێشەکان، بەڵام بە ناحەق پریشکی شەڕ و ناکۆکییەکانی ناوچەکەی بەرکەوتووە."
بە گوێرەی بارەگای بارزانی، لە کۆبوونەوەکە سەرۆک بارزانی باسی لەوە کردووە کە پێویستە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو سەقامگیری و خۆشگوزەرانی هەنگاو بنێت.
کۆنترۆڵکردنی هێزە چەکدارە چەکارەکان
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەماهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا. نێردەی سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانیی واشنتنی بۆ حکومەتی نوێی عێراق دووپاتکردەوە، بەتایبەت لە پرۆسەی "داماڵینی چەک لەدەستی میلیشیاکان" و گەڕانەوەی سەرجەم هێزە چەکدارەکان بۆ ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت.
سەبارەت بە حکومەتی نوێ، سەرۆک بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە هەمووان پەند لە هەڵەکانی رابردوو وەربگرن و کارەکان لەسەر بنەمای "هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان" بن لە چوارچێوەی دەستووردا.
دۆستایەتییەکی ستراتیژی و ئابووری
لە کۆتایی دیدارەکەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر برەودان بە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا، بەتایبەت لە رووی ئابووری و راکێشانی وەبەرهێنانی بیانی، بە ئامانجی بنیاتنانی داهاتوویەکی گەشتر بۆ ناوچەکە.



