رووداو دیجیتاڵ
حوسێن ئۆلان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی بەدلیس دەڵێ، ئەوەی لە گوندی (دەشتی ئۆڤێ)ی سەر بە قەزای هیزان روودەدات، کێشەیەکی ئەمنی نییە، بەڵکو پلانێکە بۆ ئەوەی "گوندنشینان ناچار بە کۆچکردن بکرێن و دەست بەسەر زەوی و لەوەڕگاکانیاندا بگیرێت."
لەنێوان سنووری پارێزگاکانی بەدلیس و سێرت لە باکووری کوردستان، کێشەیەکی کۆن سەریهەڵداوەتەوە. گوندنشینانی (دەشتی ئۆڤێ) لە قەزای هیزان رێگەیان پێنادرێ ئاژەڵەکانیان ببەنە لەوەڕگەکانیان و دەڵێن، "لەنێو گوندەکەی خۆمان گەمارۆ دراوین."
حوسێن ئۆلان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لەکاتی بەشداریکردن لە بووڵتەنی کاژێر 15:00ی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "ساڵانێکی زۆر کێشەی ئەمنییان کردبووە بیانوو بۆ رێگریکردن لە ئاژەڵدارانی ناوچەکە، بەڵام ئێستا ئەو کێشەیە نەماوە."
هەرچەندە لە ساڵی 2012 دانیشتووانی گوندی (دەشتی ئۆڤێ) بە بڕیاری دادگا سکاڵایان بردەوە و تاپۆیان وەرگرتەوە، بەڵام کێشەکە کۆتایی نەهاتووە. ئۆلان دەڵێ، "ئێستا رێگری لە هەر کەسێک دەکرێ بچێتە سەر زەوییەکەی، لە کاتێکدا کە ئەو کەسانە تاپۆیان هەیە، تەنانەت ئاوەکەشیان بڕدراوە و بە بۆری بۆ شوێنی دیکەیان بردووە."
ئەو رێگرییە وایکردووە کەرتی ئاژەڵداری لە ناوچەکەدا بەرەو داڕمان بچێ. ساڵی رابردوو ژمارەی مەڕ و ماڵاتی گوندەکە 20 هەزار سەر بوو، بەڵام ئەم ساڵ ژمارەکە بۆ 10 هەزار سەر کەمبووەتەوە.
ئۆلان هۆشداری دەدات و دەڵێ، "ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ساڵی داهاتوو یەک سەر مەڕ لەم گوندەدا نامێنێ، چونکە ئامانجی ئەوان ئەوەیە خەڵکەکە ناچار بکەن گوندەکەیان چۆڵ بکەن."
ئیسمەت جەیماک، یەکێک لە ئاژەڵدارانی گوندەکە دەڵێ، "15 کیلۆمەتر لەنێوان ئێمە و گوندی گیران هەیە، بەڵام والی (پارێزگار) بە پاساوی شەڕی نێوانمان، لەوەڕگاکانی لە ئێمە قەدەخە کردووە."
ئیسمەت جەیماک گوتی، "ئەم گوندە هی باوباپیرمانە، بەڵام ناهێڵن لەم دەشتە دەربچین. شوێنەکە بۆ هەموو گوندەکانی دەوروبەر ئازادە، تەنیا بۆ ئێمە قەدەخەیە."
حوسێن ئۆلان باس لەوە دەکات کە هەوڵی جیدی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە دەدەن و دەڵێ، "ئێمە وەک نوێنەرانی بەدلیس و سێرت رێگە بەم کارە نادەین. ئەم کێشەیە دەبەینە پەرلەمان و لە ئەنقەرە و لە ناوچەکەش بە هاوکاری ریشسپی و کەسایەتییەکان هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەین."


