رووداو - دیجیتاڵ
سەتان ساڵ داگیرکاری و جەنگ، تەنیا نەخشەی سیاسیی کوردستانیان نەگۆڕیوە، بەڵکو
دەستیان بۆ ناسنامەی قووڵی گوند و شارەکانیش بردووە. بەپێی توێژینەوەیەکی نوێی
شوێنەوارناسێکی کورد، لە کۆی 200 گوندی دەربەندیخان، گەرمیان و قەرەداغ، 18٪ی ناوە
کوردییە رەسەنەکان گۆڕدراون بۆ تورکی، عەرەبی و فارسی؛ هەوڵێک کە ئێستا نەوەی نوێ
دەیەوێت بە پشتبەستن بە مێژوو، ئەو ناسنامە زەوتکراوانە وەربگرێتەوە.
کۆچەر کەریم، ئەو شوێنەوارناسە کوردەی توێژینەوەکەی کردووە، ئاماژە بەوە دەکات
کە گۆڕینی ناوەکان تەنیا گوندی نەگرتووەتەوە و دەڵێت: "جگە لە گوند، ناو و
ناسنامەی چەندین تەپۆڵکە، کانی و ناوچەی زۆرمان گۆڕدراوە، هیوادارم کار بۆ
گەڕانەوەی ناوە کوردییە ڕەسەنەکانیان بکرێت." چونکە وەک ئەو باسی دەکات، تاوەکو
ئێستا هەوڵەکان بۆ گێڕانەوەی ناوەکان تەنیا لە چوارچێوەی هەوڵی تاکەکەسییدا
ماونەتەوە و دامەزراوەیی نەکراون.
لە 'بێرکێ'وە بۆ 'رێژنە' گوندی "بێرکێ" لە سنووری دەربەندیخان، نموونەیەکی زیندوی
ئەم ململانێیەی ناسنامەیە. ئەم گوندە کە تەنیا 17 خێزانی تێدا نیشتەجێیە، سەدان
ساڵە بە ناوێکی تورکییەوە ماوەتەوە کە لە سەردەمی عوسمانییەکاندا بەسەریدا
سەپێندراوە. ئێستا دانیشتووانەکەی بڕیاریانداوە جارێکی تر ناوی "رێژنە" بۆ
گوندەکەیان بگەڕێننەوە.
موشیر ئەحمەد، گوندنشینێکی ناوچەکەیە و دەڵێت: "باپیرانمان دەگێڕنەوە کە ئەم ناوە
(بێرکێ) تورکییە و لە سەردەمی عوسمانییەکاندا گۆڕدراوە، لەکاتێکدا ناوی رەسەنی
گوندەکە 'رێژنە' بووە. ئێمە وەک دانیشتووان پێمانخۆشە ناوە کوردییە
رەسەنەکەمان بۆ بگەڕێتەوە."
نەخشەی شێواندنی ناوەکان مێژووی شێواندنی ناوەکان لە کوردستان فرەڕەهەندە و
رووبەرێکی فراوانی گرتووەتەوە. بۆ نموونە لە سنووری شارەدێی ئاخجەلەر، لە
کۆی 65 گوند، 15 گوندیان ناوی تورکییان بەسەردا سەپێندراوە. هەندێک لە
گۆڕانکارییەکان بەم شێوەیەن:
- زەردیاوە کراوە بە قەرەداغ
- پەڵی کراوە بە قاشتی
- سێدارە کراوە بە سیارە
- دووکانی کراوە بە عازەبان
- نەوێ کراوە بە قڵیجە
- دێروون کراوە بە یەخشی
ئەم گۆڕانکارییانە تەنیا گۆڕینی ناو نین، بەڵکو بەشێکن لە مێژووی سەپاندنی کولتووری
بێگانە بەسەر ناوچە کوردییەکاندا. شارەزایان پێیان وایە پاراستنی ناوە رەسەنەکان،
پاراستنی مێژوو و جوگرافیای کوردستانە و پێویستە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان
بە فەرمی کار بۆ ناساندنەوەی ناوە رەسەنەکان بکەن.
