رووداو دیجیتاڵ
نەواف عەبدولحەمید، لێپرسراوی سایلۆکانی کۆبانێ رایگەیاند کە ناوچەی کۆبانێ رووبەڕووی قەیرانێکی جیدیی کۆگاکردنی گەنم بووەتەوە. سەرەڕای ئەوەی پێشبینی دەکرێت ئەم ساڵ 60 هەزار تۆن گەنم لە ناوچەکە بەرهەم بهێنرێت، بەڵام توانای سایلۆکانی ئێستا تەنیا 25 هەزار تۆنە؛ ئەمەش بەو مانایەیە، کە زیاتر لە 35 هەزار تۆن گەنم لە دەرەوە و لەسەر زەوی دەمێنێتەوە.
نەواف عەبدولحەمید لە کاتی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی "نووڕۆژ"ی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، رایگەیاند کە لە ناوچەی کۆبانێ سێ سایلۆ هەن (کۆبانێ، چەلەبی و سرین)، بەڵام ئێستا تەنها سایلۆکانی کۆبانێ و چەلەبی لە کاردان. سایلۆی سرین لەکار کەوتووە و تەنها وەک خاڵی کڕین بەکاردەهێنرێت، بێ ئەوەی گەنمی لێ کۆگا بکرێت.
قەیرانی وەرگرتنی گەنم
بەپێی قسەکانی لێپرسراوی سایلۆکان، بۆیان دەستنیشان کراوە رۆژانە لە هەر یەک لە سایلۆکانی کۆبانێ و چەلەبی تەنها 500 تۆن گەنم وەربگرن و لە سرینیش ئەم بڕە 250 تۆنە. تا رۆژی دووشەممە 15ی حوزەیرانی 2026، لە سایلۆی کۆبانێ 1500 تۆن گەنم کڕدراوە. عەبدولحەمید گوتی: "بەهۆی ئەوەی توانای وەرگرتن کەمە، پێشبینی دەکەین پرۆسەی وەرگرتنی گەنم تا 20 رۆژی دیکە بەردەوام بێت."
مەترسی لەسەر بەرهەمی جووتیاران
یەکێک لە کێشە هەرە گەورەکان کەمیی توانای کۆگاکردنە. هەر دوو سایلۆ چالاکەکە (کۆبانێ و چەلەبی) هەر یەکەیان 12500 تۆن دەگرن، کە بە گشتی دەکاتە 25 هەزار تۆن. عەبدولحەمید هۆشداری دا کە گەنمە ماوەکە (35 هەزار تۆن) لەسەر زەوی دەمێنێتەوە، چونکە رێگە نادرێت جووتیاران گەنمەکەیان بەرەو شارەکانی دیکە ببەن و بیفرۆشن، بەڵام ئاماژەی بە بەڵێنەکانی حکومەت کرد کە دوای پڕبوونی سایلۆکان، گەنمەکە دەگوازرێتەوە تاوەکو شوێن بۆ گەنمە ماوەکە بکرێتەوە.
کێشە و گرفتە تەکنیکی و ئابوورییەکان
بە گوتەی نەواف عەبدولحەمید، پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەم ساڵ رووبەڕووی چەندین ئاستەنگی تەکنیکی و ئابووری بووەتەوە، کە راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر داهات و کاری جووتیاران هەیە.
یەکێک لەو ئاستەنگە سەرەکییانە، سیستمی تۆمارکردنە لەسەر پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنییەکە. عەبدولحەمید ئاماژەی بەوە کرد، کە بەهۆی لاوازیی زۆری تۆڕی پەیوەندییەکانی "سوریتێل" لە ناوچەکە، جووتیاران لە تۆمارکردنی ناو و گرتنی سەرەی خۆیاندا رووبەڕووی زەحمەتییەکی زۆر دەبنەوە؛ ئەمەش دەبێتە هۆی دواکەوتنێکی بەرچاو لە رادەستکردنی بەرهەمەکاندا.
لە هەمان کاتدا، بارودۆخی ئابووری و ناسەقامگیریی نرخی دراو ترسی خستووەتە دڵی جووتیارانەوە، چونکە بڕیار دراوە پارەی گەنم بە لیرەی سووری بدرێت، جووتیاران بەهۆی دابەزینی بەردەوامی نرخی لیرە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی نیگەرانن. ئەم ناڕوونییە لە نرخی لیرەدا وای کردووە جووتیاران بترسن لەوەی رەنجی ساڵێکیان بەهەدەر بچێت.
لە لایەکی دیکەوە، کێشەی توانای وەرگرتن و سنوورداریی وەرگرتنی رۆژانە باری جووتیارانی گران کردووە. عەبدولحەمید دەڵێت: "رۆژانە وەرگرتنی تەنها 500 تۆن گەنم لە هەر سایلۆیەک، لەچاو قەبارەی زۆری بەرهەمی ئەم ساڵ زۆر کەمە و ئەمەش قەرەباڵغییەکی زۆر لەبەردەم دەرگای سایلۆکان دروست دەکات."
پێویستیی ساڵانەی گەنم
سەرەڕای هەموو ئەم کێشانە، لێپرسراوی سایلۆکان رایگەیاند کە دوای رادەستکردنی گەنم، بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا پارەی جووتیاران لە رێگەی بانکی کۆبانێوە بگاتە دەستیان.
سەبارەت بە پێویستیی ساڵانەی ناوچەی کۆبانێ بۆ گەنم، لێپرسراوی سایلۆکان ئاماژەی بەوە کرد، کە ناوچەی کۆبانێ مانگانە پێویستی بە پێنج هەزار تۆن گەنم هەیە بۆ دابینکردنی نان، کە ساڵانە دەکاتە 60 هەزار تۆن. ئەم بڕەش رێک بەقەد ئەو بەرهەمەیە، کە پێشبینی دەکرێت ئەم ساڵ لە ناوچەکە کۆبکرێتەوە.



