رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا دەست بەسەر 243 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیراوە و نزیکەی 500 ئاڵوودەبوو و بازرگانیش دەستگیرکراون.
رۆژی چوارشەممە، 17-06-2026، ناوەندی راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە 21ـی ئاداری ئەمساڵەوە (سەرەتای ساڵی نوێی کوردی) تاوەکو ئێستا، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان لە سنووری پارێزگاکە، دەستیان بەسەر 243 کیلۆگرام مادەی هۆشبەری جۆراوجۆردا گرتووە.
بەپێی راگەیێندراوەکەی پۆلیسی سنە، لەو ماوەیەدا 467 ئاڵوودەبووی مادە هۆشبەرەکان کۆکراونەتەوە و بە مەبەستی چارەسەرکردن و دووبارە گونجاندنەوەیان لەگەڵ کۆمەڵگە، رەوانەی بنکەکانی شیاندنەوە کراون. هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە ژمارەیەک بازرگان و فرۆشیاری مادە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون و دەست بەسەر چەندین ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلیشدا گیراوە کە بۆ گواستنەوە و دابەشکردنی ئەو مادانە بەکارهێنراون.
ئەم ئامارە لە کاتێکدایە کە بەپێی داتا فەرمییەکان، ساڵی رابردوو لە سنووری پارێزگای سنە دەست بەسەر هەزار و 300 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیرابوو و هەزار و 500 کەسیش بە تۆمەتی بازرگانی و بەکارهێنان رووبەڕووی یاسا کرابوونەوە.



.jpg&w=3840&q=75)