رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی باڵای وەزاری لە کەرکووک کۆبووەوە و کێشەکانی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران چارەسەر کران. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگاکە دەڵێ، گەنمی هەموو زەوی مادەی 140 و دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی وەردەگیرێ.
زوهێر عەلی حوسێن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک، رۆژی هەینی، 19ـی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیاردراوە سەرجەم ناوەندەکانی وەرگرتنی گەنم ئامادە بکرێن بۆ وەرگرتنی هەموو بڕە گەنمێکی بەرهەمهێندراو لە کەرکووک، چ ئەوەی لەنێو پلانی کشتوکاڵیدایە و چ ئەوەی لە دەرەوەی پلانە. ئەم بڕیارە هەموو زەوییەکانی مادەی 140 دەگرێتەوە."
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک وردەکاریی شێوازی وەرگرتنەکەی روون کردەوە و گوتی: "وەرگرتنی گەنمەکە لەسەر بنەمای پشکنینی مەیدانی دەبێت کە لەلایەن هۆبە کشتوکاڵییەکان و ئاسایشی نیشتمانییەوە ئەنجام دەدرێ. ناوی جووتیاران و بڕی گەنمەکەیان لەسەر دیسکێکی ئەلیکترۆنی تۆمار دەکرێ و رەوانەی سایلۆکان دەکرێ بۆ ئەوەی بێ گرفت گەنمەکەیان لێ وەربگیرێ."
سەبارەت بە نرخی وەرگرتنی گەنمەکە، زوهێر عەلی گوتی: "گەنمی نێو پلانی کشتوکاڵی بە نرخی فەرمی کە 700 هەزار دینارە بۆ هەر تۆنێک وەردەگیرێ، بەڵام گەنمی دەرەوەی پلان بە نرخی 500 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەردەگیرێ."
لەبارەی کاتی دەستپێکردنی پرۆسەکە، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک گوتی: "لە سێ بۆ چوار رۆژی داهاتوودا کارە کارگێڕییەکان و ئامادەکردنی دیسکی ناوەکان تەواو دەبێت و دەستبەجێ سایلۆکان دەست بە وەرگرتنی گەنمەکە دەکەن."
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی ناحیەی سەرگەڕان بە رووداوی گوت: "ئەم هەنگاوە دڵخۆشکەرە و یەکێک بوو لە داواکارییە گرنگەکانمان کە جێبەجێ دەکرێ."
بەڵام دەشڵێت: "داواکارییەکی دیکەمان ئەوەیە کە گەنمی ئێمە بە گەنمی دەرەوەی پلان هەژمار نەکرێ و هەر تۆنێک بە 700 هەزار دینار لێمان وەربگرن."
لە کەرکووک 420 هەزار دۆنم زەوی لەنێو پلانی کشتوکاڵیدایە و 550 هەزار دۆنمیش لە دەرەوەی پلانە.
.jpg&w=3840&q=75)

