رووداو دیجیتاڵ
دوای لابردنی زمانەکانی کوردی، تورکمانی و سریانی لە تابلۆی فەرمیی نووسینگەی دەستەی دەستپاکی لە کەرکووک، ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت: "ئەمە پێشێلکردنی دەستوورە." سکاڵای یاسایی لە بەغدا تۆمار دەکەن.
دکتۆر ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، رۆژی شەممە، 20ـی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە گرنگییەوە چاودێریی ئەو هەنگاوەمان کرد کە زمانی کوردی و تورکمانی و سریانی لە تابلۆی ناساندنی فەرمیی نووسینگەی دەستەی دەستپاکی لە کەرکووک لابرا، لە کاتێکدا تابلۆی پێشووتر رەنگدانەوەی فرەزمانی و فرەڕەنگیی پارێزگاکە بوو."
"مافێکی دەستوورییە نەک ئیمتیاز"
دکتۆر ئەحمەد کەرکووکی ئاماژەی بەوە کرد، دانانی زمانە فەرمییەکان لە دامەزراوە حکومییەکاندا نە بەخشینە و نە ئیمتیاز، بەڵکو مافێکی دەستووری و یاساییە و گوتی: "ئەمە رێزگرتنە لە یەکسانی و تایبەتمەندیی کەرکووک وەک شارێکی فرەنەتەوە و فرەزمان."
سەبارەت بە پاساوی لابردنی زمانەکان، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی: "بە بەڕێوەبەری فەرمانگەکەم گوتووە بۆچی زمانەکان لابراون، دەڵێت بڕیاری بەغدایە؛ منیش پێم گوتووە ئەگەر نووسراوی فەرمیتان پێیە بۆم بنێرن، ئەگەر نا ئێوە بەرپرسیارن لەو کارە."
دکتۆر ئەحمەد کەرکووکی ئاشکرای کرد، سکاڵای یاسایی ئامادە کردووە و "سبەی یەکشەممە، 21ـی حوزەیرانی 2026، بەرزی دەکاتەوە بۆ بەغدا." هەروەها نامەیەکی فەرمیشیان بۆ سەرۆکایەتیی دەستەی دەستپاکی ئامادە کردووە بۆ زانینی هۆکارەکانی ئەو بڕیارە و داوای گەڕاندنەوەی تابلۆکەیان کردووە بە شێوەیەک کە لەگەڵ دەستوور و یاساکان بگونجێت.
ئەحمەد کەرکووکی جەختی کردەوە کە "کەرکووک هەمیشە شاری فرەڕەنگی و فرەزمان بووە و هەر واش دەمێنێتەوە" و رێگە نادەن مافە زمانییەکانی پێکهاتەکانی شارەکە پێشێل بکرێن.
بەپێی یاسای زمانەکانی عێراق لە ساڵی 2014 و بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق لە ساڵی 2008، پێویستە تابلۆی فەرمانگەکانی کەرکووک بە هەر چوار زمانی پارێزگاکە بنووسرێن.
بەپێی دەستووری عێراق، هەردوو زمانی عەرەبی و کوردی، دوو زمانی فەرمین لە عێراق، هەروەها تورکمانی و سریانیش لەو یەکە کارگێڕییانەی کە زۆرینەی دانیشتووانەکەیان پێکدەهێنن، دوو زمانی فەرمین.


