رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە دێرک بە رووداوی راگەیاند، شەوی رابردوو لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر ماڵێک، منداڵێک و ژنێک کوژران و کەسێکیش بریندار بوو. بەگوێرەی سەرچاوەکە، رووداوەکە بەهۆی کێشەیەکەوە بووە لەنێوان هێرشکارەکە و دراوسێکەی لەسەر مێشی هەنگوین.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوە ئەمنییەکە، کەسێک بە ناوی خەبات شکۆحی، کە خەڵکی گوندی تل خەنزیرە لە سنووری دێرک، هێرشی کردووەتە سەر ماڵی دراوسێکەی بە ناوی محەممەد خێر هەسام لە گەڕەکی زۆرئاڤا لەسەر رێگای گوندی گەردەمیە.
سەبارەت بە هۆکاری هێرشەکە، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد، کە لەنێوان خەبات شکۆحی و محەممەد خێر هەسامدا دەمەقاڵێ دروست بووە، دوای ئەوەی شکۆحی دیوارێکی دروستکردووە بۆ رێگریکردن لەوەی مێشی هەنگوینی دراوسێکەی بچنە حەوشەکەیەوە. دەمەقاڵێکە کە نیوەڕۆی رۆژی 22-06-2026 دەستیپێکردبوو، بە نێوەندگیریی دراوسێکان چارەسەر کرابوو.
بەڵام بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، نزیک کاژێر 11:00ـی شەو، خەبات شکۆحی بە ئۆتۆمبێلێکی پیکابی سپی و چەکێکی کڵاشینکۆفەوە گەڕاوەتەوە و راستەوخۆ تەقەی لە ماڵی دراوسێکەی کردووە.
لە ئەنجامی هێرشەکەدا، کچی محەممەد خەلیل هەسام بە ناوی نالین کە تەمەنی 4 ساڵان بوو، لەگەڵ دراوسێیان بە ناوی حەسنە نەواف عومەر کە تەمەنی 35 ساڵان بوو و لەوێ میوان بوو، گیانیان لەدەستدا. باوکی منداڵەکە، محەممەد خەلیل هەسام، گولـلەیەک بە شانی کەوتووە و بریندار بووەو و بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانە کرا.
سەرچاوەکە جەختی لەوە کردەوە کە هێرشکارەکە، خەبات شکۆحی، دوای رووداوەکە هەڵاتووە و هێزەکانی ئاسایش و بەشی لێکۆڵینەوەی تاوانەکان دەستیان بە گەڕان کردووە بۆ دەستگیرکردنی و لێکۆڵینەوە لەم تاوانە دەکەن.


