رووداو دیجیتاڵ
خاوەن شووقەکانی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی گۆڵدن تاوەرز گردبوونەوە و داوای
رادەستکردنی شوقەکانیان لە بەڵێندەر و کۆمپانیای جێبەجێکار دەکەن، پڕۆژەکە لەسەر
شەقامی 150 مەتری شاری هەولێرە و سێ ساڵە کارکردن تێیدا وەستاوە.
هاوبەشانی
زەرەرمەند بەشێکیان بە فرۆشتنی زێڕ و قەرزکردن، پارەی یەکەکانیان دابین کردووە، بەو
هیوایەی لە کرێچێتی رزگاریان بێت، بەڵام
هێشتا تەنیا بەشێکی کەمی پڕۆژەکە جێبەجێ کراوە و هیوای چەند ساڵەیان نەهاتووەتە
دی.
فریشتە لوقمان،
خاوەنی یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە پڕۆژەکە بە رووداوی گوت: " زێڕم فرۆشت و
پارەم قەرز کرد بۆ کڕینی یەکەیەکی نیشتەجێبوونی ئەو پڕۆژەیە"
ئەحمەد عەبدوڵڵاش یەکێکی دیکەیە لە
زەرەرمەندانی ئەو پڕۆژەیە، ئەو دەڵێت: "
قیستی یەکەم و دووەم و سێیەمیشمان داوە، کاتێک هاتین بۆ تۆمارکردنی ئەم شووقەیە
یەک پڕۆژە لەسەر ئەم رێگەیە نەبوو، پڕۆژەی واهەبوو دوای ئەوەی ئێمە دەستیپێکرد و
تەواو بووە، بەڵام ئەوەی ئێمە هەروەکو خۆیەتی."
23ـی حوزەیرانی 2026 کڕیاران بۆ
جاری پێنجەم گردبوونەوە، بەو هیوایەی گوشارێک دروست بکەن بۆ چارەنووسی یەکەکانیان، بەڵام هیچ وەڵامێکیان
وەرنەگرت، مستەفا گۆران پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە هەولێر، گلەیی و
داواکارییەکانی زەرەرمەندانی پڕۆژەکەی بردە دەستەی وەبەرهێنان بۆ ئەوەی وەڵامیان
بۆ وەربگرێت.
سامان عەرەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی
هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "دوا دەرفەت دراوەتە وەبەرهێنەری پڕۆژەکە، ئەگەر تاوەکو هەفتەیەکی دیکە کێشەکان چارەسەر
نەکات و دەست بەکارکردن نەکاتەوە، بەپێی مادەی نۆ لە یاسای وەبەرهێنان مۆڵەتەکەی
لێوەردەگرینەوە، دۆسییەکەشی رەوانەی دادگە دەکەین، بەپێی یاسای سزادانی عێراقی مامەڵە
لەگەڵ وەبەرهێنەرەکە دەکەین".
ساڵی 2021 دەستکرا بەدروستکردنی نزیکەی سێ
هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە 11 باڵەخانەی پڕۆژەی گۆڵدن تاوەرز، بەپێی گرێبەستی
وەبەرهێنەر لەگەڵ خاوەن یەکەکان، دەبوو کۆتایی ساڵی 2023 یەکەکان رادەستی کڕیارانی
بکرێن، بەڵام سێ ساڵ دوای ئەو وادەیە هێشتا کڕیاران یەکەکانیان وەرنەگرتووە .


