رووداو دیجیتاڵ
رێککەوتنی هۆتێل رەشید، کە لەنێوان یەکێتی، حیزبی تەقەدوومی محەممەد حەلبووسی بۆ پێکهێنانی ئیدارەی کەرکووک واژۆ کرابوو، درزی تێکەوتووە. سەرەڕای ئەوەی بەپێی رێککەوتنەکە پۆستی پارێزگار درایە تورکمان، دوو مانگ تێپەڕیوە و هێشتا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی کە بەربژێرە بۆ پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیس، پۆستەکەی وەرنەگرتووە.
بەپێی رێککەوتنەکە، دەبوایە لە بەرامبەر پۆستی پارێزگاردا، چەندین پۆستی دیکە بە کورد و عەرەب بدرێن، بەڵام جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکان نیگەرانیی لای کورد دروستکردووە.
نەشئەت شاهوێز، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە رووداوی راگەیاند، "دیارە عەرەبەکانیش خاوەنی یەک بۆچوون نین و داواکاریی زیاتریان هەیە. ئێمە هەر داواکارییەک لە چوارچێوەی رێککەوتنەکە بێت، پابەندین و هەر داواکارییەکیش لە رێککەوتنەکەدا نەبێت، پێوەی پابەند نابین."
جگە لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیس، پۆستەکانی بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵ و تەندروستی و بەڕێوەبەری ناحیەی مولتەقا هێشتا لای عەرەبن و نەدراونەتەوە بە کورد.
رەعەد ساڵحی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە کوتلەی عەرەبی بە رووداوی گوت: ” بەغداش قسەی جیاوازی هەیە ، بۆ پێدانی پۆستی فەرماندەی پۆلیس ئێمە تەنیا دەتوانین لاری نەبوون بدەین، بەڵام ئەو پۆستە هی وەزارەتی ناوخۆیە و ئەوە کە بڕیاری لەسەر دەدات"
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئاماژەی بەوەش کرد و گوتی: "پۆستی وەبەرهێنانمان دەوێت کە دەبوو لە قۆناغی یەکەم پێمان بدرێت، بەهەرشێوەیەک بێت گفتوگۆ هەیە و ئێمەش لەگەڵ رێکەوتنی سیاسین لە هەر شوێنێک بێت".
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکدا، کورد حەوت کورسی، عەرەب شەش کورسی و تورکمان دوو کورسییان بەدەستهێناوە، بەڵام لە دابەشکردنی پۆستە ئیدارییەکاندا هاوسەنگی نییە، لەکۆی 39 پۆستی باڵا، عەرەب 19 پۆست، کورد 13 پۆست و تورکمان حەوت پۆستیان بەدەستەوەیە.


.jpg&w=3840&q=75)