رووداو دیجیتاڵ
بە بۆنەی یەکخستنەوەی هێزی دەڤەری یەک و دووی پێشمەرگە، مەشقێکی سەربازی رێکخرا؛ وەزیری پێشمەرگەیش گوتی: "یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە دەستکەوتیکی گەورەی خەڵکی کوردستانە و چارەنووسسازە؛ هەنگاوێکی گرنگە بۆ بنیاتنانی سوپای نیشتمانیی کوردستان."
ئەمڕۆ سێشەممە 30-6-2026 رێوڕەسمی پرۆسەی دروستکردنی بڕیاری سەربازی بۆ ئەفسەرەکانی فەرماندەیی دەڤەری یەک و دووی هێزی پێشمەرگە بەڕێوەچوو؛ پرۆسەکە لەلایەن هاوپەیمانانەوە رێکخراوە. هاوکات لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی هێزی پێشمەرگە، یەکگرتنی هەردوو فەرماندەییەکە راگەیێندرا.
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لە رێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، "لە پشتیوانی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەکەدا، سوپاسی هاوپەیمانانمان دەکەین. هاوکات پشتیوانییان لە پرۆسەی چاکسازیی هێزی پێشمەرگە بەرزدەنرخێنین."
وەزیری پێشمەرگە گوتی: "هێزی پێشمەرگە، تەنیا هێزێکی چەکداری کاتی نییە، بەڵکو پێشمەرگە ناسنامەی نیشتمانیی کوردە. هاوکات ئەرکی تەنیا پاراستنی هەرێمی کوردستان نییە بەڵکو لە شەڕی داعش بینیمان مرۆڤایەتی پاراست. لە ئاستی نێودەوڵەتیش هێزێکی باوەڕپێکراوە."
شۆڕش ئیسماعیل باسی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەی کرد و گوتی: "هێزی پێشمەرگە لە رووی سەربازییەوە چەندە بەهێز بێت، هێندە ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکەدا پارێزراوتر و سەقامگیرتر دەبێت. ئێستا هێزی پێشمەرگە لە قۆناخی بنیاتنان و گەشەسەندنی نیشتمانییە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان؛ بنیاتنانی دوو دەڤەری سەربازی و 11 فیرقەی پیادە، لەژێر چەتری وەزارەتەکە هەنگاوێکی گرنگە بۆ بنیاتنانی سوپای نیشتمانیی کوردستان."
وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشدا، کە بەرزکردنەوەی توانا سەربازییەکانی پێشمەرگە بە تەکنەلۆجیای سەردەم و سەربازی، بنەما و ستراتیجە لە کارنامەی وەزارەتەکەدا؛ شۆڕش ئیسماعیل گوتیشی: "بە هاوکاریی هاوپەیمانان و سەرۆکایەتیی ئەمریکا، بە یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، کار دەکەین تاوەکو بگەینە ئاستێکی باڵای نیشتمانی."
لە پەراوێزی رێوڕەسمەکەدا، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "پرۆسەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە 95٪ تەواو بووە، توانیویەتی بگاتە دوا قۆناخی رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان؛ یەکخستنەوەی هێزەکە پرۆسەیەکی چارەنووسسازە و بەردەوامیش دەبێت."
لەبارەی سیستمی بەرگرییەوە و هاوکارییەکانی هاوپەیمانانەوە، وەزیری پێشمەرگە روونیکردەوە، "هیوادارین لە داهاتوودا هێزی پێشمەرگە زیاتر پەرەپێبدەین؛ هاوکات ئەو رێککەوتنە چوار ساڵییەی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی جەنگی ئەمریکا مانگی نۆی ئەم ساڵ تەواو دەبێت، لە هەوڵداین هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بەردەوام بێت."




