رووداو - دیجیتاڵ
تراژیدیایەکى جەرگبڕ گوندى "سلندا"ى سەر بە قەزاى مۆتکاى لە پارێزگاى بەدلیسى باکوورى کوردستان هەژاند. باوکێک کە بۆ سەیران لەگەڵ سێ کوڕەکەیدا چووبووە سەر رووبارى سلندا، لە کاتى پەڕینەوەیاندا بۆ ئەو دیوى رووبارەکە، هەر سێ کوڕەکەى ئاو دەیانبات؛ باوکەکە تەنیا توانی کوڕە بچووکەکەى کە تەمەنى 9 ساڵە رزگار بکات، بەڵام دوو کوڕەکەى دیکەى لە دەستدا.
باقر شەفلەک، ئەو باوکە جەرگسووتاوەیە کە هاوار و ناڵەى گەیشتووەتە ئاسمان؛ ئەو دوێنێ تەرمى ئەنەسى 13 ساڵان و ئەمڕۆش تەرمى عەزیزی 11 ساڵانى کوڕى لە رووبارەکە دەرهێنایەوە. ئەو کە بۆ کات بەسەربردن رووى لە رووبارەکە کردبوو، ئێستا بە کۆستێکى گەورەوە لە ئاوەکە دەگەڕێتەوە.
جەمال یەشێلۆوا، باپیرى منداڵەکان کە بەهۆى شۆکى رووداوەکەوە پشووی لێ بڕاوە، بە گریانەوە بە رووداوى گوت: "نەوەکانى من بوون، نەوەکانى من!نازانم چی بکەم، ناتوانم خۆم لەبیر بکەم و تەنیا گریانم دێت."
چیرۆکى خنکانى دوو براکە ئاکیف گولگەن، یەکێک لە هاوگوندەکانى ئەو خێزانەیە و باس لە چۆنییەتیى رووداوەکە دەکات و دەڵێت: "سێ منداڵ بوون و باوکیان لەگەڵ بوو. باوکیان یەکێکیانى پەڕاندەوە و پێى گوتن لێرە بوەستن تا دێمەوە ئێوەش دەپەڕێنمەوە. کاتێک باوکەکە گەیشتە ناوەڕاستى ئاوەکە، منداڵەکانیش کەوتوونەتە شوێنى و ویستوویانە بپەڕنەوە، تا باوکەکە ئاوڕ دەداتەوە، ئاوەکە هەردووکیانى بردووە."
دواى بڵاوبوونەوەى هەواڵەکە، دانیشتووانى گوندى سلندا هەمووان بۆ گەڕان بەدواى تەرمى دوو براکەدا سەفەربەر بوون. لەتیف ئالاگۆز و حاجى نەوزاد کە دوو گوندنشینى ناوچەکەن، ئاماژە بەوە دەکەن کە تەرمى یەکێکیان دوێنێ و ئەوى دیکەیان کەمێک لەمەوبەر دۆزراوەتەوە.
هۆشدارى لە مەترسیى رووبارەکە کەمال ئەریبۆڵ، یەکێکى دیکە لە هاوگوندەکانى قوربانییەکان، هۆشدارى دەداتە گەشتیاران و دەڵێت: "ئەم ئاوە پڕە ناناسێت کێ منداڵە و کێ گەورەیە، هەمووان دەبات. پێویستە پێش هەموو شتێک رێکارى سەلامەتى بگیرێتەبەر، چونکە ئەگەرنا مرۆڤ هەمیشە لە مەترسیدایە."
ئەمە یەکەم رووداوى جەرگبڕى ئەم رووبارە نییە؛ مێژووى رووبارى سلندا پڕە لە رووداوى لەو شێوەیە، تەنانەت 10 ساڵ لەمەوبەریش موختارى گوندەکە لە هەمان رووباردا خنکا بوو.


