رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا نزیکەی 55%ـی ئەو بڕە گەنمەی بۆ سایلۆکان دیاری کرابوو وەرگیراوە و دەشڵێت، لە چەند رۆژی داهاتوو دا دەست بە دابەشکردنی سەبەتەی پێنجەمی خۆراک دەکرێت.
رۆژی سێشەممە، 2ـی تەممووزی 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا ئاماری شەش مانگی رابردووی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکان بەردەوامە و تاوەکو ئێستا 277 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە.
ئاماری وەرگرتنی گەنم بەپێی پارێزگاکان:
سلێمانی و هەڵەبجە: 86 هەزار تۆن.
هەولێر و گوێر: 94 هەزار تۆن.
دهۆک: 96 هەزار تۆن.
نەوزاد شێخ کامیل ئاماژەی بەوە کرد، ئەم بڕە گەنمەی وەرگیراوە، نزیکەی 55%ـی ئەو بڕەیە کە لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە.
سەبارەت بە بەشەخۆراکی مانگانەی هاونیشتمانییان، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاشکرای کرد کە دابەشکردنی بەشی چوارەمی ئارد لە زۆربەی ناوچەکان کۆتایی هاتووە. گوتیشی: "لە چەند رۆژی داهاتوو دا دەست بە دابەشکردنی بەشی پێنجەمی سەبەتەی خۆراک دەکرێت، کە لە شەش مادەی سەرەکی (برنج، شەکر، زەیت، دۆشاو، نیسک و نۆک) پێک هاتووە."
نەوزاد شێخ کامیل سەرکەوتنی پڕۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی فۆڕمی خۆراکی راگەیاند و گوتی، ئێستا 95%ـی هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان خاوەنی فۆڕمی ئەلیکترۆنین. ئاماژەی بەوەش کرد کە خزمەتگوزارییەکانی وەک زیادکردنی منداڵ و جیاکردنەوەی خێزان لە رێگەی ئەپڵیکەیشنەوە بەردەستە و لە ئایندەیەکی نزیک دا گواستنەوەی فۆڕم لە شارێک بۆ شارێکی دیکەش کارا دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی ئامارەکان دا، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاماژەی بە کەمبوونەوەی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل کرد و گوتی: "لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ دا 52 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردە کراوە، لە کاتێک دا لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو دا زیاتر لە 82 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردە کرابوون."


