رووداو دیجیتاڵ
درەنگانی شەوی رابردوو، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هێزە ئەمنییەکان و دەستەی دەستپاکی لە کەرکووک، پێنج فەرمانبەری خاڵی گومرگی دارەمان لەکاتی وەرگرتنی بەرتیل لە شۆفێرانی بارهەڵگر دەستگیرکران.
هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک رایگەیاند، شەوی پێنجشەممە (2ـی تەممووزی 2026)، یەکەیەکی هاوبەشی دەستەی دەستپاکی کەرکووک و ئاسایشی نیشتمانی، پلانێکی وردیان بۆ دەستگیرکردنی ئەو فەرمانبەرانە جێبەجێ کردووە کە گومانی وەرگرتنی بەرتیلیان لێدەکرا.
سەرچاوەیەک لە ئاسایشی نیشتمانی بە رووداوی راگەیاند: "پێشتر چەندین سکاڵا لەسەر ژمارەیەک فەرمانبەری دەستەی خاڵە گومرگییەکان هەبووە کە بەرتیل لە شۆفێران وەردەگرن. بۆ ئەم مەبەستە پلانێکی تۆکمە داڕێژرا و بڕی زیاتر لە یەک ملیۆن و 200 هەزار دینار ئامادەکرا و وێنەی سەرجەم نۆتە دەقەکان (پارەکە) گیرا."
بە گوتەی سەرچاوەکە، پارەکە دراوەتە چەند شۆفێرێکی بارهەڵگر و ئەوانیش لە بەرامبەر تێپەڕبوونیان بە شێوەیەکی نایاسایی، پارەکەیان داوەتە فەرمانبەرانی خاڵە گومرگییەکە. دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر فەرمانبەرەکان و پارەکەیان لە گیرفانیاندا دەرهێناوە، کە دواتر دەرکەوتووە هەمان ئەو پارەیەیە کە وێنەی گیرابوو.
سەرەتا سێ فەرمانبەر لە شوێنی رووداوەکە دەستگیرکران، بەڵام دوای لێکۆڵینەوەی سەرەتایی دەرکەوت دوو کەسی دیکەش تێوەگلاون، بەوەش ژمارەی دەستگیرکراوەکان گەیشتە پێنج کەس.
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەش کرد، دەستگیرکراوەکان کارمەندی دەستەی خاڵە گومرگییەکانی عێراقن و لە ئێستادا رەوانەی دەستەی دەستپاکی کراون بە مەبەستی تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان و لێکۆڵینەوەی زیاتر لەگەڵیاندا.
.png&w=3840&q=75)


