رووداو - دیجیتاڵ
بەهۆی رووخانی دیواری کوڵەپەزێک لە گوندێکی سنووری قەزای ئاکرێ، کچێکی 3
ساڵان گیانی لەدەستدا و باپیرەشی بە سەختی بریندار بوو. تیمەکانی پۆلیس
دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە تاوەکو هۆکاری هەرەسهێنانی دیوارەکە
روون بکرێتەوە.
سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی گردەسین بە روداوی راگەیاند، درەنگی ئێوارەی
هەینی لە گوندی "خەلیکان میرا"ی سەر بە ناحیەی گردەسین لە سنووری قەزای ئاکرێ،
دیوارێک کە خانووی مەڕ و ماڵات بووە بەسەر کچێکی 3 ساڵان و باپیرەیدا رووخاوە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری ناحیەکە، لە رووداوەکەدا کچە بچووکەکە بە ناوی (مریەم
فازڵ جەمیل) دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و باپیرەشی کە لەگەڵیدا بووە، بە سەختی
بریندار بووە و بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
تیمەکانی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.
زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو دیوارەی رووخاوە پێشتر تێکدرابوو
و لە دۆخێکی خراپدا بووە، هەر ئەوەش بووەتە هۆی رووخانی بەسەر ئەو منداڵە و
باپیرەیدا.
ئێستا باپیرەی مریەم لە ژێر چاودێریی پزیشکیدایە و تەرمی کچە بچووکەکەش رادەستی
کەسوکاری کراوەتەوە.

