رووداو دیجیتاڵ
پڕۆسەی چارەسەریی پرسی کورد لە تورکیا کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان هەبووە. لە کاتێکدا لە سنووری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک خەڵکی 21 گوند دەگەڕێنەوە گوندەکانیان، لە سیدەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر هێشتا 118 گوند بەهۆی مەترسیی مین و بوونی گەریلای پەکەکە و بنکەی تورکیاوە بە چۆڵی ماونەتەوە.
بەپێی بەدواداچوونێکی رووداو، لە سنووری دێرەلووک و شیلادزێ لە پارێزگای دهۆک و سیدەکان لە پارێزگای هەولێر 437 گوند هەن کە لەو ژمارەیە 276 گوندیان چۆڵن، ئەمەش واتە 63٪ـی گوندەکانی ئەو سێ ناوچەیە بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیاوە کەسیان تێدا نەبووە.
ئامێدی؛ ئاوەدانبوونەوەی بەشێکی گوندەکان
رۆژی دووشەممە، 6ـی تەممووزی 2026، وارشین مایی، قایمقامی قەزای ئامێدی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کاتی شەڕەکانی رابردوودا 197 گوند لە سنوورەکەیان بەر بۆردوومان دەکەوتن و خەڵک نەیدەتوانی سەردانیان بکات، بەڵام دوای دەستپێکردنی پڕۆسەی چارەسەریی پرسی کورد و بێدەنگبوونی چەکەکان، ناوچەکە ئارامییەکی بەخۆیەوە بینیوە.
قایمقامی ئامێدی گوتی: "ئێستا رێگە بە گەڕانەوەی دانیشتووانی 21 گوندەی ناوچەی بەری گارە دەدەین و گەڕاونەتەوە، چونکە دڵنیاین هیچ مەترسییەک لەو گوندانەدا نەماوە. لە دەستپێکی پڕۆسەی چارەسەرییەوە هیچ شەڕێک لە ناوچەکە رووی نەداوە و لە بەشێکی زۆری شوێنەکان هاتووچۆ ئاسایی بووەتەوە."
سیدەکان؛ 42 ساڵە 118 گوند چۆڵن
ئیحسان چەلەبی، قایمقامی سیدەکان بۆ رووداو گوتی، لە ساڵی 1984ـەوە بەهۆی دەستپێکردنی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیاوە 118 گوند لە سنوورەکەیان چۆڵکراون و هێشتا ئاوەدان نەکراونەتەوە.
قایمقامی سیدەکان گوتی: "هەرچەندە نزیکەی دوو ساڵە بۆردوومان و تۆپباران نەماوە، بەڵام دۆخی ئەمنی 100٪ لەبار نییە. هێزەکانی تورکیا لەو شوێنانەن و پەکەکەش هەر ماوە".
ئیحسان چەلەبی دەڵێ:"مەترسیی مین و تەقەمەنیش لە زۆر شوێن هەیە. ئێستا خەڵک تەنیا بە رێگەدانی فەرمی دەتوانن بچنە کوێستانەکان بۆ مەڕداری و کشتوکاڵی. بۆ گەڕانەوەی یەکجاریش دەبێت ناوچەکە لە مین پاک بکرێتەوە و هێزە چەکدارەکان نەمێنن."
زیانە ئابوورییەکان و ژێرخانی ناوچەکە
شەڕی چەندین ساڵەی نێوان پەکەکە و تورکیا تەنیا گوندەکانی چۆڵ نەکردووە، بەڵکو کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی ئەو ناوچانەشی ئیفلیج کردووە.
بە گوتەی بەرپرسانی ناوچەکان، زۆربەی رەز و باخی سنووری ئەو سێ شار و شارۆچکەیە وشک بوون و ئاژەڵدارانیش بەهۆی نەبوونی ناوچەی ئارام بۆ لەوەڕ، زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
دەستپێشخەری بۆ پڕۆسەی چارەسەری
پڕۆسەی نوێی چارەسەری کاتێک دەستی پێکرد کە دەوڵەت باخچەلی لە 1-10-2024ـدا لە پەرلەمان تەوقەی لەگەڵ فراکسیۆنی دەمپارتی کرد.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ئەو هەنگاوەی بە "پەنجەرەی هیوا" ناوبرد. دواتر شاندی دەمپارتی لە 28-12-2024ـدا سەردانی ئیمراڵییان کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبوونەوە.
لە 11-07-2025ـدا گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی سیمبوولی چەکەکانیان سووتاند. دواتر (لیژنەی هاوپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی) لە پەرلەمان پێکهێندرا و لە 18-02-2026ـدا راپۆرتی هاوبەشی فراکسیۆنەکانی بە زۆرینەی دەنگ پەسند کرد. ئێستا چاوەکان لەسەر هەنگاوی یاسایی و گەیشتنە لووتکەی ئەنجامەکانن و چیدیکە پڕۆسەکە بوار بۆ کاتکوشتن ناهێڵێتەوە.




