رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ دەڵێت، پارێزگاکەیان لە بەرهەمهێنانی بەڵاڵووکدا لەسەر ئاستی ئێران یەکەمە؛ پێشبینیش دەکات، بەرهەمی ئەم ساڵی پارێزگاکە زیاتر لە 20 هەزار تۆن بێت.
محەممەدڕەزا ئەسغەری، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ، بە میدیای ئێرانی راگەیاند، پارێزگای ورمێ بەهۆی کەشوهەوا و پێگەی جوگرافیی گونجاوەوە لە بەرهەمهێنانی بەڵاڵووکدا پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی ئێران هەیە.
محەممەدڕەزا ئەسغەری گوتی، لە پارێزگای ورمێ دوو هەزار و 500 هێکتار باخی بەڵاڵووک هەیە و پێشبینی دەکەن بەرهەمی ئەم ساڵ زیاتر لە 20 هەزار تۆن بێت.
بە گوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ، شارەکانی خۆی، ورمێ، بۆکان و مەهاباد لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی بەڵاڵووکن لە پارێزگاکەدا.
ئەسغەری دەشڵێ، بەڵاڵووکی بەرهەمهێندراوی پارێزگاکە جگە لەوەی بەشێکی بە فرێشی دەخورێ، بەشێکی زۆری بۆ دروستکردنی مرەبا و شەربەت بۆ کارگەکان دەنێردرێ.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ داوای گەشەپێدانی پیشەسازیی تایبەت بە میوە لە پارێزگاکە دەکات و دەڵێ، دروستکردنی کارگەی زیاتر دەتوانێ ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەهای ئابووریی باخەکان، کە باشتربوونی بژێویی باخەوانانی پارێزگاکەی لێدەکەوێتەوە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران، ساڵانە زیاتر لە 143 هەزار تۆن بەڵاڵووک لەو وڵاتەدا بەرهەم دێ. پارێزگای ورمێ ساڵانە بە بەرهەمهێنانی 18 هەزار تاوەکو 20 هەزار تۆن بەڵاڵووک بە پلەی یەکەم دێت، پارێزگاکانی تەورێز، تەهران و سنەش لە ریزبەندی دووەم تا چوارەمدان.



