رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بۆ بە هەمیشەییکردنی مامۆستایانی گرێبەست لە وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و پەروەردەی هەرێمی کوردستان، نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کرد.
فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی کردووە، رایگەیاندووە، "داواکاری فەرمانبەرانی گرێبەستی هەرێمی کوردستان- عێراقتان بۆ بەرز دەکەینەوە، کە داوای جێگیرکردنیان لەسەر میلاکیی هەمیشەیی دەکەن".
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە نووسراوەکەدا ئاماژەی بە داوای گرێبەستەکان کردووەو رایگەیاندووە، خاوەن مافن بۆ دامەزراندنیان بەشێوەی هەمیشەیی و داواکەیان لەگەڵ بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵیشدا یەک دەگرێتەوە.
تۆلاز محەممەد، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەستی خوێندنی باڵا، ئەمڕۆ بە رووداوی گوت: "پێشتر وەکو شاندێکی گرێبەستەکان چووینە لای جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و داوامان کرد، لە حکومەتی عێراق هەوڵ بدەن بۆ تەرخانکردنی پارەی پێویست بۆ گرێبەستەکان، بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکارەکانی بە هەمیشەییبوونمان بۆ بکات".
تولاز محەممەد گوتی: "جگە لە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، د. شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بەڵێنی پێداوین، هەموو هاوکارییەکمان بکەن بۆ ئەوەی بکرێینە هەمیشەیی".
محەممەد نەجیب، یەکێکی دیکە لە نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەستی خوێندنی باڵا، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو نووسراوەی ئەمڕۆی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر داوای ئێمە بووە، بۆ ئەوەی هەموو ئەو بۆشاییانەی لە میلاکاتی هەرێمی کوردستان دروستبووە پڕبکرێتەوە".
هەروەها کارۆخ عەبدوڵڵا، یەكێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست لە وەزارەتی پەروەردە، ئەمڕۆ سێشەممە بە رووداوی گوت: "بەشێکی زۆری گرێبەستەکان لەسەر داهاتی نێوخۆ مووچەکانیان دابین دەکرێت، بەهەمیشەیی بکرێن مووچەیان لەگەڵ مووچەخۆرانی دیکە دەبێتە یەک پاکێج و بارگرانی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمدەکاتەوە و بەربەستێکی گەورەش لەبەردەم ئامادەکردنی داهاتی نانەوتی مانگانە لادەدات".
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 60 هەزار مووچەخۆری گرێبەست هەن، زۆرینەیان مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵان.

