رووداو دیجیتاڵ
دەوڵەتی ئیتاڵیا لە رێوڕەسمێکی تایبەت دا لە شاری هەولێر، بەرزترین پلەی رێزلێنانی فەرمیی خۆی دەبەخشێتە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
لە رێوڕەسمەکەدا نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق، بە نوێنەرایەتیی سێرگیۆ ماتەرێلا، سەرۆککۆماری ئیتاڵیا (مێدالیای ئەستێرەی ئیتاڵیا) دەبەخشێتە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان. مێدالیاکە بەرزترین مێدالیای ئیتاڵیایە بۆ ئەو کەسانەی لە ژیاندان.
"دەستکەوتێکی مێژووییە بۆ کورد"
سۆران یاسین، سەرۆکی ئینستیتیوتی کوردی لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بە رووداوی گوت: "خەڵاتکردنی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بەرزترین مێدالیای ئەو وڵاتە، دەستکەوتێکی مێژووییە بۆ گەلی کورد و وا دەکات هەرێمی کوردستان لە سەر ئاستی جیهان زیاتر بناسێنرێت.
سەرۆکی ئینستیتیوتی کوردی لە کاتی بەشداریکردنی لە هەواڵەکانی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، تیشکی خستە سەر هۆکارەکانی بەخشینی (مێدالیای ئەستێرەی ئیتاڵیا) بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و گوتی: "ئەم هەڵبژاردنە دوای ئەو هاوئاهەنگیــیە بەهێزە هات کە لە شەڕی دژ بە داعشدا دروست بوو. چونکە داعش مەترسییەکی گەورە بوو بۆ سەر وڵاتانی ئەورووپا و ئیتاڵیا."
تایبەتمەندییەکانی مێدالیای ئەستێرەی ئیتاڵیا
سۆران یاسین روونی کردەوە کە ئەم خەڵاتە لە ساڵی 2011ـەوە دەدرێتە کەسایەتییە کاریگەرەکانی جیهان و چەند تایبەتمەندییەکی گرنگی هەیە؛ "یەکەم، وەک ناسنامەیەکی فەرمی وایە کە دەوڵەتی ئیتاڵیا وەک دۆستێکی نزیک مامەڵەت لەگەڵ دەکات. دووەم، ئەم مێدالیایە لە رووی ئەکادیمییەوە هاوشێوەی بڕوانامەی دکتۆرایە. سێیەم، خاوەنەکەی دەتوانێت لە کاتی پێشوازییە نێودەوڵەتییەکاندا لەسەر یەخەی هەڵواسێ تاوەکو پێگەی خۆی نیشان بدات." "ئەمە یەکەمجارە کوردێک ئەم خەڵاتە وەردەگرێت و وەک کردنەوەی دەرگەی ماڵی ئیتاڵیا بۆ پرسی کورد وایە."
ئاسۆی پەیوەندییەکان و سوودوەرگرتن لە ئیتاڵیا
سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییەکان، سۆران یاسین ئاماژەی بەوە کرد، هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە بوارەکانی سەربازی، سیاسی، ئابووری و تەندروستیدا سوود لە تواناکانی ئیتاڵیا وەربگرێت.
ئەو گوتی: "ئیتاڵیا وڵاتێکی زلهێزە و ژمارەی دانیشتووانی لە 60 ملیۆن کەس زیاترە، پێگەیەکی زۆر بەهێزی لە ناو یەکێتیی ئەورووپادا هەیە و دەتوانێت پاڵپشتێکی مەزن بێت بۆ کورد."
سەرۆکی ئینستیتیوتی کوردی لە ئیتاڵیا جەختی لەوە کردەوە، بۆ گەیشتن بە لووتکەی پەیوەندییەکان، پێویستە حکومەتێکی نوێ لە هەرێمی کوردستان پێک بهێنرێت تاوەکو بە شێوەیەکی فەرمیتر مامەڵە لەگەڵ دەرەوەدا بکرێت. هەروەها پێشنیازی دروستکردنی گرووپی پەرلەمانیی هاوبەش و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە رێگەی کۆنسووڵخانەی ئیتاڵیاوە کرد.
سۆران یاسین ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە ژمارەی کورد لە ئیتاڵیا کەمە، بەڵام ئەم جۆرە رێزلێنانە دیپلۆماسییانە وای کردووە چیدیکە پرسی کورد لە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی رۆما پەراوێز نەخرێت.
دڵشاد شەهاب: نەماندەزانی ئەم خەڵاتە دەبەخشرێتە نێچیرڤان بارزانی
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی خەڵاتەکەوە میوانی بووڵتەنی نیوڕۆژی رووداو بوو و گوتی: "ئاگادارکردنەوەمان بۆ ئەم خەڵاتە، بۆ ئێمە چاوەڕواننەکراو بوو، هیچ ئاگاداری ئەو پرۆسە نەبووین و هیچ زانیارییەکمان نەبووە و پرسمان پێنەکراوە."
بە گوتەی دڵشاد شەهاب، ئەم خەڵاتە زیاتر بۆ کەسایەتیی سیاسیی و دیبلۆماسییە. "پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیتاڵیا، دەروازەی ئەو تێکەڵبوونەی ئیتاڵیا بوو بە ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئازادییەکان لە هەرێمی کوردستان."
پەیوەندیی ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان
لەدوای راپەڕینەوە تاوەکو 2003 ئیتاڵیا لە رێگەی رێکخراوە مرۆیی و خێرخوازییەکانەوە ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان هەبووە.
لە ساڵی 2011 نوێنەرایەتیی خۆیان لە هەولێر کردووەتەوە، لە 2015 کردیان بە کۆنسوڵخانە و ساڵی 2024یش کردیان بە کۆنسوڵخانەی گشتی.
دڵشاد شەهاب دەڵێ: "ئەگەر ئەم پەیوەندییانە هەنگاو بە هەنگاو تەماشا بکەین، ئەم خەڵاتکردنە سوپرایز نییە، چونکە لەنێوان هەولێر و رۆما، هاتووچۆی دیبلۆماسیی گەورە هەبووە، پێشتر سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە، جەنابی سەرۆک بارزانی چەندین جار سەردانی ئیتاڵیای کردووە و کاک نێچیرڤان بارزانی پێشتر وەکو سەرۆکوەزیران و دواتریش وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیتاڵیای کردووە."
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێ: "پەیوەندییەکی بەردەوامی دۆستانە لەنێوان هەردوولا هەبووە، ئەم پەیوەندییە بەردەوامە وایکردووە ئیتاڵیا گرنگیی بە وردەکاریی ژیانی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان بدات."
لەبارەی پێوەرەکان بۆ خەڵاتکردنی نێچیرڤان بارزانیش گوتی: "هەندێ لەو پێوەرانەی وایکردووە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەستنیشان بکەن بۆ خەڵاتە، بابەتەکانی پێکەوەژیان، گرنگیدان بە ئافرەت، گرنگیدان بە هێزی نەرم و سیاسەتی دروستی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە زمانێکی سیاسیی مەقبوولی هەیە و خەڵک بەڕێزەوە سەیری دەکەن، چونکە هەموو هەنگاوەکانی لەچوارچێوەی دەستوورە. ئەمە لێزانییەکی دیبلۆماسی و سیاسیی گەورەی دەوێ."
دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوەکرد، ئەم خەڵاتە هەڵسەنگاندن و پێزانینە بۆ سیاسەتی دروستی هەرێمی کوردستان، کەوا ئەمڕۆ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی نوێنەرایەتیی دەکات. "ئەمە تەنیا رێزلێنان نییە بۆ کەسایەتییەک، ئەمە بیناکردنی پەیوەندییەکانە لەگەڵ هەرێمی کوردستان."
خەڵاتەکە بەکێ دەدرێ؟
شۆرش عەزیز سورمێ، شرۆڤەکاری سياسیی دانیشتووی ئیتاڵیا بە رووداوی گوت: "ئەم خەڵاتە بەو کەسە ئیتاڵی و نائیتاڵییانە دەدرێ کە رۆڵیان هەبووە لە پەیوەندیی دۆستانەی نێودەوڵەتی، هەر ئەوەبوو وای لە سەرۆککۆماری ئیتاڵیا کرد خەڵاتەکە ببەخشێتە نێچیرڤان بارزانی."
شۆرش عەزیز سورمێ گوتی: "ئەمە بۆ ئێمەی کورد کە چەندین ساڵە لە ئیتاڵیا دەژین، شتێکی گەورە و زۆر پیرۆزە کە سەرۆکی هەرێم خەڵاتێکی وای پێ ببەخشرێ."
گوتیشی: "بەمدواییە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی ڤاتیکانی کرد، لەکاتێکدا ڤاتیکان دان بەو هەرێم و ناوچانەدا نانێ کە سەروەرییان نییە، کەچی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی زۆر باشی هەیە، ئەوەش بۆ ئەو پێکەوەژیانە دەگەڕێتەوە کە لە هەرێمی کوردستان هەیە."
مێژووی خەڵاتەکە و گۆڕانکارییەکان
ئەم خەڵاتە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1947، کە ئەوکات بە ناوی (نیشانەی ئەستێرەی هاوسۆزیی ئیتاڵیا) بوو و زیاتر بۆ رێزلێنان بوو لەو کەسانەی لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی رۆڵیان لە ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتەی ئەورووپادا هەبوو، بەڵام لە ساڵی 2011ـدا، لەسەر دەستی جۆرجیۆ ناپۆلیتانۆ، یازدەیەمین سەرۆککۆماری ئیتاڵیا یاساکە هەموارکرا و ناو و ئامانجەکەی گۆڕدرا.
ئیدی ئامانجی خەڵاتەکە لە ئاوەدانکردنەوەوە بۆ بەرزکردنەوەی شکۆی نیشتمانیی ئیتاڵیا لە دەرەوەی وڵات، گۆڕدرا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دۆستاییەتییەکان و هاوکاریی نێودەوڵەتی. ئەم رێزلێنانە ئێستا بەپێی فەرمانێکی سەرۆکایەتی دەبەخشرێت.
چۆنیەتی هەڵبژاردنی وەرگرانی خەڵاتەکە
پرۆسەی دیاریکردنی وەرگرانی ئەم مێدالیایە زۆر وردە. سەرەتا، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ژمارەیەک ناو پێشنیاز دەکات، دواتر ئەنجوومەنێکی 5 کەسی تایبەت بە رێزلێنانەکە کەسێک یان کەسانی شایستە بۆ مێدالیا پێبەخشینەکە یەکلایی دەکاتەوە کە یەکێک لەو 5 کەسە بەرپرسی پرۆتۆکۆلی دیپلۆماسیی سەرۆکایەتیی کۆمارە. پاشان، ناوی بەربژێر یان بەربژێرەکان دەدرێنە سەرۆککۆمار.
ئەم خەڵاتە تەنیا بۆ بواری سیاسی نییە، بەڵکو بۆ رێزگرتنە لەو کەسانەی لە بوارەکانی زانست، تەکنەلۆژیا، چالاکییە مرۆییەکان، بازرگانی، کولتووری و هونەریش دا رۆڵی بەرچاویان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیتاڵیادا گێڕاوە.
پلەکانی مێدالیاکە
سیستمی رێزلێنانەکە لە پێنج پلەی سەرەکی پێکدێت کە بەپێی گرنگی ریزبەندکراون:
سوارچاک: پلەی یەکەم و سەرەتاییە.
ئەفسەر: پلەی دووەم.
فەرماندە: پلەی سێیەم.
ئەفسەری باڵا: پلەی چوارەم.
سوارچاکی خاچی گەورە: ئەمە بەرزترین پلەی نیشانەکەیە کە دەبەخشرێتە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
گۆڕانکاری لە شێوە و دیزاینی مێدالیایەکەدا
لە ساڵی 2011ـەوە دیزاینی مێدالیایەکە گۆڕدرا و هێما ئایینییەکانی پێشووی تێدا لابران. ئێستا نیشانەکە بریتییە لە قەڵخانێکی بازنەیی زێڕین، کە پێکدێ کە دروشمی کۆماری ئیتاڵیا و بە رەنگی شین و زێڕین دەورەدراوە، لەگەڵ نووسینی ناوی (ئەستێرەی ئیتاڵیا) بە زمانی ئیتاڵی.
کێ ئەم مێدالیایەی وەرگرتووە؟
تاوەکو ئێستا ژمارەیەک کەسایەتیی ناسراو و کاریگەری جیهان و ئیتاڵیا لە بوارە جیاوازەکان دا ئەم پلەیان وەرگرتووە، لەوانەش:
- ماوریسیۆ ماکری، سەرۆکی ئەرجەنتین لە ساڵانی (2015-2019)
- بۆیکۆ بۆریسۆڤ، سەرۆکوەزیرانی بولگاریا لە ساڵانی (2009-2021).
- جۆش گرین، حاکمی ویلایەتیی هاوایی ئەمریکا لە ساڵانی (2022- ئێستا).
- شارلین لینێت مۆناک، شازادەی مۆناکۆ لە ساڵی 2011ەوە.
- هۆرست زێهۆفەر، سیاسەتڤانی ناسراوی ئەڵمانیا.
- کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری ناسراوی تۆپی پێ کە 5 جار وەک راهێنەر خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپای بردووەتەوە.
- فێرناندۆ ئەلۆنسۆ، پاڵەوانی فۆرمیولا وەن.
- فرانک سیناترا، هونەرمەندی ئەفسانەیی ئەمریکا.
- گرەیس کێڵی، ئەکتەری ئەمریکی براوەی ئۆسکار.
- فوئاد تەوال، پاتریاکی قودس.
- میونگ-وهون چونگ، مایسترۆ و پیانۆژەنی ناوداری کۆریای باشوور.
- جەیمی ئۆلیڤەر، چێشتلێنەری ناسراوی بەریتانی کە رۆڵێکی گەورەی لە ناساندنی خواردنی ئیتاڵی هەبووە.
نێچیرڤان بارزانی و ئیتاڵیا؛ دوو دەیە لە دیپلۆماسیی کاریگەر
پەیوەندییەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیتاڵیا گوزارشت لە هاوبەشییەکی ستراتیژیی قووڵ لەنێوان هەولێر و رۆمادا دەکەن کە لە زیاتر لە 25 ساڵی رابردوودا پێشکەوتنی بەرچاویان بە خۆیانەوە بینیووە و هەرێمی کوردستانیان وەک هێزێکی رێزلێگیراو لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێشتووەتەوە. ژمارەیەک لە کۆبوونەوە کاریگەرەکانی نێچیرڤان بارزانی لە ماوەی ئەم دوو دەیەدا ئەمانە بوون:
- لە ساڵی 2015 و لە ئەنجامی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ماتیۆ رێنزی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی ئیتاڵیا، بڕیارێکی ستراتیژی درا، ئەویش گۆڕینی نووسینگەی دیپلۆماسیی ئیتاڵیا بوو لە هەولێر بۆ کۆنسووڵخانەی گشتی. ئەم هەنگاوە بووە وەرچەرخانێکی مێژوویی لە بەهێزکردنی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان هەولێر و رۆمادا.
- لە 13ی نیسانی 2023دا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە رۆما کۆبوونەوە و جەختیان لە فراوانکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کردەوە. میلۆنی پابەندیی وڵاتەکەی بۆ درێژەدان بە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە و سەقامگیریی هەرێمی کوردستانی وەک هۆکارێکی گرنگ بۆ پاراستنی ئارامی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناوبرد.
- لە ئایاری ساڵی 2026دا سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەردانێکی فەرمیی دوو رۆژەدا بۆ ئیتاڵیا، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی باڵای ئەنجامدا. لە 18-5-2026دا لەگەڵ گویدۆ پرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا کۆبووەوە. نێچیرڤان بارزانی لە 19-5-2026یش لەلایەن سێرگیۆ ماتەرێلا، سەرۆککۆماری ئیتاڵیاوە بە رێوڕەسمێکی شایستە پێشوازی لێکرا و لەگەڵ ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش کۆبووەوە. سەرۆککۆماری ئیتاڵیا پشتیوانیی بەردەوامی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.

