رووداو دیجیتاڵ
کتێبخانەی ناوەندیی کەرکووک و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری شارەکە کار بۆ ئەوە دەکەن باڵەخانەی کتێبخانەکە بخەنە نێو تۆماری "یادگەی جیهان"ـی رێکخراوی یونسکۆ، ئەوەش بە مەبەستی پاراستنی مێژوو و رەسەنایەتیی ئەو ناوەندە رۆشنبیرییە.
رائید عەگلە، بەڕێوەبەری شوێنەواری کەرکووک، رۆژی پێنچشەممە، 9ـی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کتێبخانەی ناوەندیی کەرکووک کارەکانیان دەستپێکردووە بۆ ئەوەی باڵەخانەکە وەک یەکێک لە دیارترین شوێنەوارە رۆشنبیرییەکانی پارێزگاکە لەسەر ئاستی جیهان بناسرێت و دۆکۆمێنت بکرێت."
بەڕێوەبەری شوێنەواری کەرکووک ئاماژەی بەوەش کرد، لیژنەیەکیان لە پشکنەری شوێنەواری کەرکووک پێکهێناوە و سەردانی باڵەخانەی کتێبخانەکەیان کردووە؛ لەوێ وردەکاریی بیناسازی و مێژوویی کتێبخانەکەیان لە فۆڕمێکی تایبەتدا تۆمار کردووە، کە بەپێی پێوەرەکانی یونسکۆ دیاری کراوە، تاوەکو رەوانەی وەزارەتی رۆشنبیری عێراق بکرێتەوە.
رائید عەگلە دەڵێت: "هەوڵەکان بۆ تەواوکردنی پێداویستییە یاسایی و تەکنیکییەکان بەردەوامن تاوەکو ناوی کتێبخانەکە لە تۆماری (یادگەی جیهان)ی یونسکۆدا تۆمار بکرێت."
تۆماری یادگەی جیهان چییە؟
پڕۆژەی (یادگەی جیهان - Memory of the World) پڕۆژەیەکی نێودەوڵەتییە و لە ساڵی 1992 لەلایەن رێکخراوی یونسکۆوە دامەزراوە.
ئەم بەرنامەیە هاوتای "شوێنەوارە جیهانییەکانی یونسکۆ"یە، بەڵام تایبەتە بە پاراستنی دۆکیۆمێنتەکان. هەر دەستنووس، نەخشە، یان تۆمارێکی دەنگی و رەنگاڵەیی کە خاوەن بەهایەکی جیهانی و مێژوویی بێت، لەم تۆمارەدا دەناسرێت و لە لەنێوچوون دەپارێزرێت.
تۆمارکردنی کتێبخانەی ناوەندیی کەرکووک لەم بەرنامەیەدا، وا دەکات پاراستن و نۆژەنکردنەوەی ئەو شوێنە ببێتە بەرپرسیارێتییەکی نێودەوڵەتی و پێگەی شارەکە لە رووی کولتوورییەوە بەهێزتر دەکات.
کتێبخانەی ناوەندیی کەرکووک لە ساڵی 1937 بە فەرمی کراوەتەوە و بە یەکێک لە گرنگترین ناوەندە زانستی و رۆشنبیرییەکانی عێراق دادەنرێت، کە خاوەنی 40 بۆ 45 هەزار سەرچاوەی جۆراوجۆرە.


.jpg&w=3840&q=75)
