رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ نووسراوێکی فەرمییان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کردووە بە مەبەستی بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان.
رۆژی پێنجشەممە، 09ـی تەممووزی 2026، فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نزیکەی 70 هەزار فەرمانبەری گرێبەست لە هەرێمی کوردستان هەن کە لە کەرتە جیاوازەکانی وەک تەندروستی و پەروەردە و سێکتەرەکانی دیکە خزمەت دەکەن. ئێمە لە نووسراوێکدا داوامان کردووە ئەو فەرمانبەرانە بخرێنە سەر میلاکی هەمیشەیی، چونکە ئەمە مافێکی یاسایی خۆیانە و لەگەڵ بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵیشدا دەگونجێت."
لەبارەی ناوەڕۆکی نووسراوەکە کە لە رێکەوتی 07-07-2026 ئامادە کراوە، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ئەمڕۆ نووسراوەکە رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کرا بۆ ئەوەی تاوتوێ بکرێت.
جگە لە پرسی فەرمانبەرانی گرێبەست، فەرهاد ئەترووشی باسی لە دۆسیەیەکی دیکە کرد، کە پەیوەستە بە مامۆستایانی زانکۆ و فەرمانبەرانی خانەنشینکراو. لەو بارەیەوە گوتی: "ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایانی زانکۆ و فەرمانبەران دوای خانەنشینبوونیان، پاداشتی کۆتایی خزمەتیان وەرنەگرتووە. بۆ ئەم مەبەستەش سەردانیان کردم و نووسراوێکی دیکەمان ئامادە کردووە و ئەمڕۆ رەوانەی دەکەین بۆ ئەوەی ئەو مافە داراییەیان بۆ خەرج بکرێت."
فەرهاد ئەترووشی دەڵێت، وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمان بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوون بۆ ئەم کێشانە تاوەکو دەگەنە ئەنجامی کۆتایی و مافی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا جێگیر دەکرێت.
7-7-2026، فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نووسراوێکی ئامادە کرد بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تیایدا ، "داواکاری فەرمانبەرانی گرێبەستی هەرێمی کوردستان- عێراقتان بۆ بەرز دەکەینەوە، کە داوای جێگیرکردنیان لەسەر میلاکیی هەمیشەیی دەکەن".
بەشێکی زۆری فەرمانبەری گرێبەست لە هەرێمی کوردستان هەن، کە مانگانە وەزارەتی دارایی لەسەر داهاتی ناوخۆ مووچەکانیان دابین دەکات.



.jpeg&w=3840&q=75)
