رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەنەوە، کە باس لە بۆردوومانکردنی سنووری ئیدارەکە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەکەن.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 9-7-2026 ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنی بڵاوی کردەوە، کە بارەگایەکی هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە باکووری رۆژهەڵاتی هەولێر بۆردوومان کراوە، دواتریش دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە، کە هێرشەکە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بووە.
شێروان جەلال، قایمقامی قەزای هەریر، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیچ هێرشێک رووینەداوە و لایەنی ئەمنی ئێمەیان لە هێرش ئاگادار نەکردووەتەوە، ئەگەر هێرش هەبووایە بێگومان ئاگادار دەکراینەوە".
هاوکات بەرپرسێکی باڵای کارگێڕیی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ هیچ هێرشێکی درۆنی لە سنوورەکەمان نەکراوە".
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 870 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە، لەنێویاندا 16 یان مانگی رابردوو بووە.



