رووداو دیجیتاڵ
ئەفسەرێکی فەرماندەیی هێزەکانی زێرەڤانی، وەکو یەکەم کورد کۆلێژی سەرکردایەتیی ئەڵمانیای لەو وڵاتە تەواو کرد و بە پلەی موقەدەم روکن دەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان.
دەرسیم ئەیوب مەولوود، ئەفسەر لە فەرماندەیی هێزەکانی زێرڤانی لە هەرێمی کوردستان، بۆ خوێندن لە تەمموزی ساڵی 2024 چووەتە کۆلێژی سەرکردایەتیی ئەڵمانیا و ئەمڕۆ 10ـی تەمموز توانیویەتی خوێندنەکەی تەواو بکات.
موقەدەم دەرسیم ئەیووب، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە کوردستانەوە بە پلەی موقەدەم هاتمە ئەڵمانیا، دوای دوو ساڵ لە خوێندنەکەم بە موقەدەم روکن دەگەڕێمەوە هەرێمی کوردستان و بەردەوام دەبم لە خزمەت".
خولی سەرکردایەتیی ئەڵمانیا لە 36 وڵاتەوە بەشداری تێدا دەکرێ. موقەدەم دەرسیم دەڵێت: "من تەنیا کورد بووم بەشداربووم، کە لەسەر فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی پێشمەرگە نێردرام بۆ خولەکە و تەواوم کرد".
موقەدەم دەرسیم دەڵێت: "بۆ بەشداربوون لەم خولە دەبێت سەرەتا فێری زمانی ئەڵمانی بیت، ئەگەر زمانەکەی فێر نەبیت ناتوانیت بەردەوام بیت لە خولەکە و کۆلێژەکە تەواو بکەیت".
ئەو ئەفسەرە کوردە کە لە ئەڵمانیاوە بە تەلەفۆن قسەی بۆ رووداو کرد گوتی، "لایەنی سەربازیی خولەکە جۆرەها تەکتیکی سەربازی و جۆرەها مەشق و راهێنانی سەردەمیانە لەسەر ئاستی ناتۆ لە خۆدەگرێ، ئەمە جگە لەوەی چۆنیەتی دانوستاندن و لایەنی سیاسیش لە رێگەی سەمینار و گفتوگۆی تایبەتەوە تاوتوێ دەکرێت".
موقەدەم روکن دەریسم ئەیووب دانیشتووی شاری هەولێرە و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان.


