رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتاری پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە بازنەی ئامەد رایگەیاند، زانیاریی پشتڕاستکراوە هەیە هیچ گەریلایەکی پەکەکە لەنێو خاکی تورکیادا نییە و دەڵێت، "پێویست ناکات پاساو بۆ پرسی یاسای چوارچێوە و چەکدانان بهێنرێتەوە."
سەزگین تانریکوڵو، پەرلەمانتارە کوردەکەی جەهەپە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بە یەکەمین ساڵیادی "سووتاندنی چەک" لەلایەن پەکەکەوە کرد: "ئایا هیچ زانیارییەک هەیە لەبارەی بوونی ئەندامی رێکخراوی چەکداری لەنێو سنوورە وشکانییەکانی تورکیادا؟ نەخێر. بەپێچەوانەوە، زانیاریی پشتڕاستکراوە هەیە ئەندامی رێکخراوی چەکداران لەنێو سنوورە وشکانییەکانی تورکیادا نیین."
تانریکوڵو، باسی لەوە کرد کۆتاییهاتنی دۆخی شەڕ لە ناوچەکەدا واتادارە و گوتی، لە ساڵانی 2025 و 2026ـدا هیچ رووداوێکی گیانلەدەستدان و پێکدادان رووینەداوە.
باسی لەوەش کرد، "یەک تەرمیش بۆ هیچ شوێنێکی تورکیا نەچووە و نەهاتووەتەوە ئامەدیش. بەها و مانای ئەمە زۆر گەورەیە. ئێمە کە 40 ساڵی رابردوومان لێرە بەسەربردووە و رەگ و ریشەی ئەم بابەتە دەزانین. دەمانەوێت جارێکی دیکە لێرەوە دەریببڕین کە ئەمە چ پرۆسەیەکی بەنرخە. رێکەوتە ئەمڕۆ 11ـی تەممووزە و ساڵی رابردوو لە 11ـی تەممووزدا رێوڕەسمێکی زۆر مانادار و مێژوویی بەڕێوەچوو. پەیامێک درایە هەموو جیهان و تورکیا، لە 11ـی تەممووزدا لە سلێمانی چەکەکانی نەشاردرانەوە، نەنێژران، بەڵکو سووتێندران. ئەمە بژاردەیەکی زۆر گرنگ بوو."
بە بڕوای تانریکوڵو، لەمساڵەدا پێشهاتی گرنگ روویانداوە، هەر لە دامەزراندنی لیژنەیەکی تایبەت بۆ پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا و بەشداریکردنی لایەنە سیاسییەکان و واژۆکردنیان بۆ راپۆرتە هاوبەشەکەی کە بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەرزکرایەوە.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کرد، "ئەزموونێکی گرنگ خرایە نێو ئەدەبیاتی جیهان و لە مانگی شوباتدا راپۆرتێک بە کۆی دەنگ پێشکێشی تورکیا کرا. بەشەکانی شەشەم و حەوتەمی راپۆرتەکە پەیوەندییان بە چەکدانان، کۆتاییهێنان بە پێکدادان، یاسای چوارچێوە، بەدیموکراسیبوون لە تورکیا، سەروەریی یاسا و مافەکانی مرۆڤەوە هەبوو. پارتە سیاسییەکان واژۆیان لەسەر کرد و خۆیان پێیەوە پابەند کرد، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا هیچ پێشکەوتنێک لەم بوارانەدا بەدینەکراوە."
تانریکوڵو داوای کرد پارتە سیاسییەکان لەبارەی یاسای چارەسەری ئاگادار بکرێنەوە و گوتی، "لەم جوگرافیایەی کە 40 ساڵە بە تاڵترین شێوە ئازاری شەڕی چەشتووە، لە ئامەدەوە بانگ لە ئەنقەرە دەکەین؛ راستگۆ بن، بەدوای پاساودا مەگەڕێن. تورکیا پێویستی بە بەدیموکراسیبوونی تەواو، سەروەریی یاسا، سەربەخۆیی دادوەری، ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و بەشداریی سیاسیی تەواوە. ئەگەر ئەمە دابین بکرێت، ئاشتیی هەمیشەیی لە تورکیا بەرقەرار دەبێت. پێویست ناکات پاساو بۆ پرسی یاسای چوارچێوە و چەکدانان بهێننەوە."

