رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری حەسەکە رایگەیاند، لەسەر چەند ئاستێکی کارگێڕی، دادوەری و ئابووری کار دەکەن بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری پارێزگاکە و لە قۆناخی داهاتوودا دامەزراوەکانی دەوڵەت کارا دەکەنەوە.
رۆژی یەکشەممە 12-07-2026 نوورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە بە تۆڕی میدیایی رووداو، ناوی 40 دادوەری دیکەیان بۆ دامەزراندن لە دادگاکانی حەسەکە بۆ دیمەشق ناردووە. پارێزگاری حەسەکە گوتی، "20 دادوەریان ئەمڕۆ یەکشەممە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ دەکرێت و 20 دادوەرەکەی دیکەش رۆژانی دووشەممە و سێشەممە."
سەبارەت دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیاران، پارێزگاری حەسەکە گوتی، "ئێستا کار دەکەین بۆ کردنەوەی دوو لقی بانکی کشتوکاڵی لە حەسەکە و قامیشلۆ. هاوکات تەواوی لقەکانی بانکی کشتوکاڵی لە سەرانسەری پارێزگاکە کارا دەکرێنەوە بۆ ئەوەی بتوانین شایستە داراییەکانی گەنمی جووتیاران و گوندنشینان خەرج بکەین."
پارێزگاری حەسەکە باسی لەوەش کرد کە ئێستا بۆ چەند کارێکی فەرمی لە دیمەشقە و رایگەیاند، "لە شامین بۆ ئەوەی بەشداری لە مەراسیمی سوێندخواردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی گەل (پەرلەمان) بکەین. دوای ئەوە، چەندین کۆبوونەوە و دیداری جیاوازمان دەبێت بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی یەکخستنەوە و کاراکردنەوەی دامودەزگاکانی دیکەی پارێزگاکە."
هەر لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە کارگێڕییەکاندا، پارێزگاری حەسەکە ئاشکرای کرد کە لەم هەفتەیەدا لەگەڵ ژمارەیەک بەربژێر کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی وەک بەڕێوەبەری نوێی فەرمانگە و دامەزراوەکان دەستبەکار بن.
.jpg&w=3840&q=75)


