رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی دڵتەزێندا لە شاری کەرکووک، کچێکی تەمەن سێ ساڵان بە ناوی "نەی"، لەلایەن دوو منداڵی دراوسێیانەوە کە تەمەنیان 10 و 11 ساڵە، دوای ئازاردانی فڕێدراوەتە نێو مەلەوانگەیەکی جێهێڵدراو و خنکێندراوە. پۆلیسی کەرکووکیش دەڵێت، تۆمەتبارەکان دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە.
رۆژی پێنجشەممە، نەی وەکو نەریتی هەمیشەیی بۆ یاری دەچێتە ماڵی دراوسێیەکیان، بەڵام ئەمجارەیان ناگەڕێتەوە. دوو منداڵی خزم و دراوسێیان کە تەمەنیان 10 و 11 ساڵە، بە بیانووی بردنەوەی بۆ ماڵەوە، نەی دەبەنە چۆڵەوانییەک و دوای ئازاردانی جەستەیی، فڕێی دەدەنە نێو مەلەوانگەیەکی جێهێڵدراوەوە.
ئەمل عاسی، دایکی نەی، بە چاوێکی پڕ لە فرمێسکەوە باس لە ساتەوەختی بردنی کچەکەی دەکات و دەڵێت: "لەبەردەم دەرگاکە بردوویانە، لە باوەشیان کردووە و لە شەقامەکە پەڕیونەتەوە. دواتر یارییان بە جەستەی کردووە و هەردووکیان فڕێیانداوەتە نێو مەلەوانگەیەکی جێهێڵدراو. ئاخر بۆ؟ منداڵێکی تەمەن سێ ساڵ چی کردووە؟ ئەمانە تاوانێکیان کردووە لە خۆیان گەورەترە."
سەیف سەباق، باوکی نەی، باس لەوە دەکات کە یەکێک لە بکوژەکان لە کاتی گەڕان بەدوای کچەکەیدا فێڵی لێکردوون و گوتوویەتی نەی نەبینیوە. سەیف دەڵێت: "پێمگوت کچەکەمت نەبینیوە؟ گوتی نا. تەنانەت لەگەڵ من بەدوای کچەکەمدا دەگەڕا تاوەکو چووینە مزگەوت و بانگەوازمان کرد. دوای 40 خولەک لە بردنی، فڕێیانداوەتە ناو ئاوەکە. دیمەنی کامێراکان هەیە چۆن دانیشتوون و چییان لەگەڵ کردووە و دوای تەواوبوونیان فڕێیانداوەتە ناو ئاو."
دوای بێسەروشوێنبوونی نەی، پۆلیسی کەرکووک دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد. وردبینی لە کامێراکانی چاودێری، راستیی رووداوەکەی دەرخست و هەردوو منداڵەکە ناچار بە دانپێدانان کران.
عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک، لەبارەی رێکارە یاساییەکان رایگەیاند: "هەردوو تۆمەتبارەکە دەستگیرکراون و لە بنکەی پۆلیسی عەدالەن، لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە. هێشتا راپۆرتی پزیشکی داد تەواو نەبووە تاوەکو بزانین دەستدرێژی کراوەتە سەری یان نا، بەڵام بەپێی گوتەی خۆیان، دانیان بەوەدا ناوە کە کوشتوویانە و فڕێیانداوەتە ناو مەلەوانگەکەوە."
بەپێی زانیارییەکان، ئەو دوو منداڵەی تاوانەکەیان ئەنجامداوە ئامۆزای یەکترن. خێزانەکەیان خەڵکی پارێزگای دیالەن و لەم ساڵانەی دواییدا نیشتەجێی کەرکووک بوون. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە باوکی هەردوو منداڵەکە چەند ساڵێکە بەهۆی کێشەی دیکەوە دەستگیرکراون.
ئیستا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و تەرمی نەی دوای پشکنینەکان رادەستی خێزانەکەی کراوەتەوە.

