رووداو - دیجیتاڵ
دایکێکی رۆژئاوای کوردستان کە نیشتەجێی سلێمانییە و تووشبووی نەخۆشیی شێرپەنجەیە، بە گریانەوە داوای گەڕانەوەی کچە 14 ساڵانەکەی دەکات. مەنەسا، رۆژی هەینی لەبەردەم ماڵەکەیان لە گەڕەکی قولەرەیسی بێسەروشوێن بووە و دواتر بە خێزانەکەی گوتراوە کە کچەکەیان "براوەتە قەندیل".
عایشە عەبدولسەلام، دایکی مەنەسا، کە بەهۆی نەخۆشییەکەی و دابڕانی کچەکەیەوە لە دۆخێکی دەروونیی سەختدایە، باس لە دوایین پەیوەندیی کچەکەی دەکات و دەڵێت: "تەلەفۆنیان بۆ کردم و گوتیان کچەکەت لەگەڵ ئێمەیە. کاتێک مۆبایلەکەیان دایە دەست کچەکەم، هەردووکمان دەستمان کرد بە گریان، بەڵام یەکسەر مۆبایلەکەیان لێ سەندەوە و نەیانهێشت قسە بکات."
ئەو دایکە بە گریانەوە پرسیار دەکات: "دەیانەوێت کوردستان لەسەر پشتی منداڵی 14 ساڵان بنیات بنێن؟ با کەسانی تەمەن 20 و 25 ساڵ بەرن، منداڵ نابێت ببرێت."
مەنەسا کێشەی دەروونی هەبووە مەنێسا محەممەد، کچێکی تەمەن 14 ساڵانە و حەزی لە وێنەکێشان بووە. محەممەد حەمێ، باوکی مەنەسا، ئاماژە بەوە دەکات کە کچەکەی باری تەندروستیی جێگیر نییە و دەڵێت: "کچەکەم کێشەی دەروونی هەیە و هەر بەو هۆیەشەوە لە پۆلی سێی سەرەتاییەوە وازی لە خوێندن هێناوە. ئەو تەمەنی یاسایی تەواو نەکردووە، بۆیە داوا لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و منداڵان دەکەم هەڵوێستیان هەبێت."
باوکی مەنەسا رووی دەمی دەکاتە سەرکردایەتیی پەکەکە و داوا دەکات بەهۆی تەمەنە بچووکەکەیەوە، کچەکەی بۆ بگەڕێننەوە.
تەنیا مەنەسا نییە؛ مەحموودیش براوە دیارنەمانی مەنەسا پەردەی لەسەر چیرۆکێکی هاوشێوە لە هەمان گەڕەک لادا. ئامینە رەشید، کە دراوسێی ماڵی مەنەسایە، دەڵێت هەشت مانگ پێش ئێستا کوڕە 16 ساڵانەکەی بەناوی مەحموود عومەر بە هەمان شێوە بێسەروشوێن بووە. ئامینە دەڵێت: "کوڕەکەم تەنیا چووە دەرەوە و ئیتر هەواڵی نەما، دواتر پێیان گوتین لە قەندیلە و تاوەکو ئێستا چاومان پێی نەکەوتووەتەوە."


