بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی پاژین رایگەیاند: ئاگر لە چیاکانی بانە کەوتووەتەوە و رووبەرێکی زۆری دارستان و لەوەڕگە سووتاوە. ئەمڕۆ سێشەممە، 14ی تەممووزی 2026، محەممەد شەریف پوور، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی پاژین لە بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "کاژێر 1:00ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، ئاگرەکە لە پشتی شاخەکانی شیوەڵێ، ساڵوکی خواروو، جمڵی و گوندی هەڵازبەر کەوتەوە." محەممەد شەریف پوور گوتی: "لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەکەدا رووبەرێکی زۆری دارستان و لەوەڕگە سووتان و زیانی زۆر بەر ناوچەکە کەوتووە. بەهۆی خێرایی باوە ئاگرەکە خێرا تەشەنەی سەند و رووبەرێکی یەکجار زۆری گرتەوە." محەممەد شەریف پوور ئاماژەی بەوەشکرد، بە هاوکاریی خەڵکی ناوچەکە، ژینگەپارێزانی پاژین، مانگی سووری بانە، هێزەکانی سەرچاوە سروشتییەکانی بانە و ئیدارەی کشتوکاڵی بانە، دوای زیاتر لە 7 کاژێر توانرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت." "بۆ گەزۆ چووبوون و ئاگر لەدەستیان پەڕی" محەممەد شەریف پوور گوتیشی، "ئەگەری سەر هەڵدانەوەی ئاگرەکە هەیە، چونکە بە هۆی زۆری بارانی ئەم ساڵ پووش لە دارستانەکە زۆرە. کۆمەڵێک خەڵکی ناوچەکە بۆ گەزۆ کردن چوونەتە ئەو شاخە و لە کاتی چا لێنان ئاگرەکە کەوتووتەوە." ئەو بەرپرسەی ئەنجوومەنی پاژین، داوا لە هاونیشتمانییان دەکات ئەو ماوەیە کە وەرزی گەزۆ و مازۆ کردنە، ئاگادار بن و زیان بە دارستانی زاگرۆس نەگەیێنن و نەبنە هۆی ئاگر کەوتنەوە." رووبەری دارستانەکانی زاگرۆس، نزیکەی 14 ملیۆن هێکتار بووە، بەڵام ئێستا نزیکەی شەش ملیۆن هێکتاری ماوە. رێژەی 40%ـی ئاوەکانی ئێران کەوتووەتە سنووری ناوچەی زاگرۆس کە بەهۆی دار بەڕووەکان بە ناخی زەویدا رۆچووە و لە سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەویدا کۆبووەتەوە. دارستانەکانی زاگرۆس ساڵانە شەش ملیار مەتر سێجا ئاو گلدەدەنەوە، کەچی گەورەترین بەنداوی ئێران لە ساڵانی رابردوودا سێ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدا کۆبووەتەوە. جگە لەوەی دارستانەکانی زاگرۆس ساڵانە نزیکەی 167 تۆن تۆز و خۆڵ گلدەداتەوە، هەر هێکتارێک دارستان ئۆکسجین بۆ 10 هەزار کەس دابین دەکات. جگە لەوەش کە سەرچاوەی بژێویی بەشێکی زۆری دانیشتووانی زاگرۆسە.