رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری دانەوێڵەی پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، لە سەرەتای وەرزی دروێنەی ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 185 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی پارێزگاکە وەرگیراوە.
رۆژی پێنجشەممە، 16ـی تەممووزی 2026، سەعید دارابی، بەڕێوەبەری دانەوێڵەی پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، ئەمساڵ 185 هەزار و 993 تۆن گەنم لە جووتیارانی 11 شاری پارێزگاکە وەرگیراوە و رادەستی سایلۆ و ناوەندە تایبەتەکانی وەرگرتنی گەنم کراوە.
سەعید دارابی دەڵێت، زۆرترین گەنمی وەرگیراو لە جووتیارانی شاری کویەشت بووە کە 73 هەزار و 435 تۆن بووە و شارەکانی خوڕەمئاوا بە 21 هەزار و 590 تۆن، دوروود بە 26 هەزار و 366 تۆن و بروجێرد بە 14 هەزار و 714 تۆن لە ریزی دووەم تا چوارەمدان.
بە گوتەی بەڕێوەبەری دانەوێڵەی لوڕستان، لە شاری پوڵدوختەر 17 هەزار تۆن، ئەزنا 14 هەزار و 20 تۆن، رومشکان 9 هەزار و 30 تۆن، ئەلیگودەرز 4 هەزار و 676 تۆن، چێگێنی دوو هەزار و 809 تۆن، ئەلیشتەر هەزار و 711 تۆن و نوورئاباد 634 تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە.
سەعید دارابی ئاماژە بەوەش دەکات، وەرگرتنی گەنمی جووتیاران تاوەکو کۆتایی وەرزی هاوین لە پارێزگاکە بەردەوام دەبێت.
حکوومەتی ئێران بڕیاری داوە، ئەمساڵ هەر کیلۆیەک گەنم بە 49 هەزار و 500 تمەن لە جووتیاران بکڕێت.
ئەمساڵ لە رووبەری 280 هەزار هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگای لوڕستان گەنم چێندراوە کە 48 هەزار هێکتاری بەراو و 232 هەزار هێکتاری بە شێوەی دێمە.
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای لوڕستان، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ بەرهەمی گەنم لە پارێزگای لوڕستان لەنێوان 550 هەزار تۆن بێت. هەروەها پێشبینی دەکرێت 500 هەزار تۆنی لەلایەن حکوومەتەوە بکڕدرێت.



