رووداو دیجیتاڵ
سکرتارییەتی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشە چڕە مووشەکییەکە لە نزیک کاژێر 6:00ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ئەنجامدراوە. بەپێی راگەیەندراوەکە، لەو هێرشەدا 9 پێشمەرگە شەهید بوون کە ناویان بەم شێوەیەیە:
1- فەرهاد قەمەری (خەڵکی دیواندەرە)
2- سروش نەسری (خەڵکی مەریوان)
3- سینا سەفەری (خەڵکی شاباد)
4- یاسین کیانپوور (خەڵکی شازەند)
5- ئەحمەد مەحموودی (خەڵکی بانە)
6- رەزا سادقی (خەڵکی بۆکان)
7- کەسرا رەحمانەژاد (خەڵکی بۆکان)
8- سیاوان نیکی خا (خەڵکی بۆکان)
9- زەکەریا فەقێ حەسەن ئاقا (خەڵکی بۆکان)

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ رایگەیاندووە کە لە سەرەتای ئەم گرژییانەوە تاوەکو ئێستا، بارەگاکانیان نزیکەی 40 جار بە درۆن و مووشەک کراونەتە ئامانج، بەڵام جەختیان کردووەتەوە کە "ئەم هێرشانە ورەیان پێ پێشێل ناکرێت و سوورتر دەبن لەسەر بەردەوامیدان بە خەباتی خۆیان بەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران."
هاوکات، عەبدوڵڵا ئازەربار، ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی کۆمیسیۆنی رێکخستنی کۆمەڵە بە رووداوی گوت: "نزیک کاژێر 6:00ی بەیانیی ئەمڕۆ لەلایەن ئێرانەوە بە هەشت مووشەکی گەورەی سەنگەربڕ لە سنووری زرگوێزەڵە لە سلێمانی بۆردوومان کراین." ئازەربار ئاماژەی بەوەش کرد کە سێ پێشمەرگەی دیکەیان بە سەختی بریندار بوون و سێ مووشەک لەو بارەگایە کەوتووە کە زۆرترین زیانی گیانیی لێ کەوتووەتەوە.
زانیارییەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم و دژەتیرۆر
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماری هێرشەکانی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند کە کاژێر 6:20ی بەیانیی ئەمڕۆ بە 7 مووشەک هێرش کراوەتە سەر سێ ناوچەی سنووری پارێزگای سلێمانی، بە شێوەیەک کە 4 مووشەک بەر گوندی زڕگوێزەڵە، 1 مووشەک بەر گوندی قسردی و 2 مووشەک لە نزیک گردی کوپانی لە قەرەداخ کەوتوون.
لەلایەکی دیکەوە، دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە نێوان کاتژمێر 4:19 تاوەکو 5:25ی بەیانی، هێزەکانی هاوپەیمانان توانیویانە هەشت درۆنی بۆمبڕێژکراو لە ئاسمانی هەولێر تێکبشکێنن و بخەنە خوارەوە، کە خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە.
هاونیشتمانیانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجەش بە رووداویان گوت، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ گوێبیستی دەنگی تەقینەوەی بەهێز بوون، کە پاشان دەرکەوت بەهۆی هێرشە مووشەکییەکەی سەر بارەگاکانی کۆمەڵەوە بووە.


.jpeg&w=3840&q=75)