رووداو دیجیتاڵ
نوورەدین دەمیرتاش، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە رایگەیاند، پێگەی یاسایی عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەک "سەرۆکی دانوستاندنکار" مەرجی بنەڕەتییە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی چارەسەری، هۆشداریش دەدات کە هەر هەنگاوێکی تاکلایەنەی حکومەت "بێبایەخ دەبێت."
نوورەدین دەمیرتاش، سەرکردەی پێشووی پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (دەتەپە) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "میدیا خەبەر" تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی چارەسەری و رایگەیاند، ئەگەر ئاکپارتی بە شێوازێکی تاکلایەنە پڕۆژەیاساکە دابڕێژێت، چاکسازییەکان بێبایەخ دەبن. گوتیشی، "بە گومانەوە دەڕوانینە هەر پێشهاتێک کە ئۆجەلانی تێدا بەشدار نەبێت."
ئەو سەرکردەیەی کەجەکە دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکی فەرمی یان رەشنووسی پڕۆژەیاساکە نەگەیشتووەتە دەست ئەوان لە قەندیل.
دەمیرتاش رەخنەی تووندی لە بەردەوامیی گۆشەگیریی سەر ئۆجەلان گرت و گوتی، "حکومەت دەڵێت لەگەڵ ئۆجەلان لە گفتوگۆدایە، بەڵام 56 رۆژە هیچ دیدارێکی فەرمی لە ئیمراڵی نەکراوە."
نوورەدین دەمیرتاش مەرج و داواکارییەکانی کەجەکەی بۆ قۆناخی داهاتوو خستەڕوو و گوتی، "دەبێت پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەک سەرۆکی دانوستاندنکار بە یاسا گەرەنتی بکرێت، دابینکردنی ژینگەیەکی ئازاد بۆ کارکردنی ئۆجەلان لە ئیمراڵی، گەڕانەوەی سەرجەم گەریلا و ئەندامانی پەکەکە بۆ ناو ژیانی سیاسی و دیموکراتیک بەبێ جیاکاری. ئازادکردنی سەرجەم پەرلەمانتار، سەرۆک شارەوانی و سیاسییە دەستبەسەرکراوەکان."
دەمیرتاش جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەکە تەنیا پرسی چەکدانانی پەکەکە نییە، بەڵکو دەبێت ببێتە دەروازەیەک بۆ "دیموکراتیکردنی کۆماری تورکیا" و گۆڕینی عەقڵیەتی سەد ساڵەی دەوڵەت بەرامبەر بە کورد.
حکومەتی تورکیا خەریکی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەکی تایبەتە بۆ پرۆسەکە. لێدوانی بەرپرسانی قەندیل نیشانی دەدات کە جیاوازییەکی قووڵ لە نێوان تێڕوانینی ئەنقەرە (کە جەخت لە چەکدانانی خێرا دەکاتەوە) و تێڕوانینی پەکەکە و دەم پارتیدا هەیە، کە دەیانەوێت پێش هەر هەنگاوێک، پێگەی یاسایی ئۆجەلان و پرسی لێبووردنی گشتی یەکلا بکرێتەوە.



